Zana Natık Kerem
14 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2018
قودس ــ AA
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن ئەنجامدا.
رۆژنامەی یەدیعووت ئەحرەنووت بڵاوی كردووەتەوە كە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، بێنیامین ناتانیاهو هانی سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن-ی داوە، رێككەوتنی ئەتۆمی لە نێوان وڵاتە زلهێزەكان و ئێراندا، هەموار بكاتەوە.
بە پێی رۆژنامەكە، هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، بێنیامین ناتانیاهو بۆ ئیمانوێل ماكرۆن گوتوویەتی: "پێویستە لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە بارەی هەمواركردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بە جددی وەربگیرێت و ئەوەی دەیەوێت پارێزگاری لە رێككەوتنەكە بكات، پێویستە هەمواری بكاتەوە".
رۆژنامەی یەدیعووت ئەحرەنووت ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە كە هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بە سەركۆماری فەڕەنسای راگەیاندووە "پێویستە وڵاتانی جیهان، بە توندی ئیدانە تاوانەكانی رژێمی ئێران بكەن كە هەوڵدەدات بیێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و پەرە بە مووشەكی بالیستی بدات كە ئەو كارە دژ بە بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووكانە".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سەركۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن بە سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ-ی راگەیاندبوو، گرنگە هەموو لایەنەكان رێز لەو رێككەوتنە ئەتۆمییە بگرن كە لەگەڵ ئێراندا واژوویان كردووە.
دوێنێ شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتی كردبوویەوە كە هیچ گۆڕانكارییەك لەو رێككەوتنە ئەتۆمییەدا بكات كە لە ساڵی ٢٠١٥دا لەگەڵ وڵاتانی (٥+١) واژووی كرووە.