Tevfik Durul
29 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2020
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، بهناو پلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن ئەمریکاوە رایگەیەنراوە و لە میدیادا بە رێککەوتنی سەدە ناودەبرێت "بە مردوویی لەدایکبووە".
مەولود چاوشئۆغڵو لە گوتەیەکدا کە لە میانی پێشوازییکردنی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی پێشکەشی کرد رایگەیاند، بهناو پلانی ئاشتیی رۆژههڵاتی ناوهڕاست پلانێکی تاکلایەنەیە و ڕەچاوی مافەکانی گەلی فەڵەستینی نەکردووە، هەروەها هەنگاوێک نییە بۆ دەستبەرکردنی ئاشتیی لە ناوچەکەدا.
چاوشئۆغڵو راشیگەیاند کە ئیدارەی واشنتۆن ئەوکاتە بێلایەنی خۆی لەدەستدا کە باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە تەلئەبیبەوە گواستەوە بۆ قودس، و ئاماژەی بەوەشکرد کە ناوەڕۆکی ئەو پلانەی ئەمریکا پێشتر لای هەمووان زانرابوو.
چاوشئۆغڵو ئەوەیشی روونکردەوە کە شەوی رابردوو سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا بە ئامادبوونی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو پلانی بەناو رێککەوتنی سەدەی راگەیاند، و بوونی ناتانیاهو لەتەک ترەمپ لەکاتی راگەیاندنی پلانەکە ئاماژەیە بۆ ناهاوسەنگی ئەو پلانە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی لەبارەی پلانەکە رایگەیاند: "تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکمان لە لایەن وڵاتانی ئیسلامییەوە نەبینیووە. کاردانەوەی راستەقینەی جیهانی ئیسلامی لە جیددە دەبینین(بارەگای رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە جیددەیە).
دوێنێ سێشەممە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو سازیکرد، بەشێوەیەکی تاکلایەنە، پلانی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە "گرێبەستی سەدە" ناوزەند دەکرێت بۆ رای گشتیی ئاشکراکرد.
دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستەسەر ئەوەی کە پلانەکەی لە ٨٠ لاپەڕە پێکھاتووە و جەختی لەوەکردەوە کە ماددەی زۆر بە نرخ لەخۆدەگرێت بۆ ئیسرائیل و لایەنی فەڵەستین-یش.
سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای گوتەکانیدا، ئاماژەی بەوەکرد کە لە پلانی ئاشتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، شاری قودس وەک پایتەختی "بەشنەکراو"ی ئیسرائیل قبوڵ دەکرێت و جەختی لەوەیشکرد کە پلانەکە دوایین دەرفەتە بۆ فەڵەستینییەکان.