Leyla Ataman Koyuncuoğlu,Muhammet Ali Kemal
06 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2017
ئانتالیا - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی چالاکییەکانی پەیوەست بەڕیفراندۆمی وڵاتەکەی لە هۆڵەندا، رایگەیاند ''هۆڵەندا بووەتە دیلی سیاسەتەکانی سەرۆکی پارتی رەگەزپەرست، خیرت ویڵدەرز''.
مەولود چاوشئۆغڵو لەمیانی گوتارێکدا لە چالاکییەکی پارتەکەیدا لە ئانتالیا، کاردانەوەی بەرامبەر بەهەڵوەشاندنەوەی چالاکییەکانی پەیوەست بەڕیفراندۆمی وڵاتەکەی لە هۆڵەندا نیشان دا و رایگەیاند:
''هۆڵەندا بووەتە دیلی سیاسەتەکانی سەرۆکی پارتی رەگەزپەرست، خیرت ویڵدەرز. تا ئەمڕۆ ئەو پارتە سیاسییەتان گەورە کرد و ئێستاش لەترسی خۆتان داوای هاوکاریی لە ئێمە دەکەن. دەستتان کرد بەوەی کە بڵێن 'بەڕێز وەزیر، ئەگەر بێێت ئەوا هاتنەکەت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی دەنگی خیرت ویڵدەرز. تکایە دوای هەڵبژاردنەکان وەرە'. ئایا ئەمە کێشەی منە؟ ئەگەر تۆ ئەمە وەک پیاو بەمن بڵێیت، ئەوا من لەوبارەیەشەوە هاوکارییت دەکەم، بەڵام ئەگەر سەرەتا بەڕاگەیاندنەکان بڵێیت 'ناتوانێت بێتە ئێرە' و دواتر ئەمە بەمن بڵێیت، ئەمە بۆ ئێمە ناخوات. دەبێت لەگەڵ ئێمە سەرڕاست بیت. دێیت و دەڵێیت 'من ترسێکی لەوجۆرەم هەیە، تکاتان لێدەکەم هاوکارییم بکەن' و منیش هاوکاریت دەکەم. بەڵام تۆ بۆچی کەوتوویتەتە ئەو دۆخەی کە پێویستت بەهاوکاریی بێت؟ لەبەر ئەوەی تا ئەمڕۆ چاوتان لە پارتە رەگەزپەرستەکان پۆشی، ئێستاش بوونەتە دیلیان. ئێستا ئێوەش وەک ئەوان مامەڵە دەکەن. ئەم ئەورووپایە بەرەو کوێ دەچێ؟ بەهاکانی ئەورووپا چییان بەسەردێ؟ کوا دیموکراسی؟ کرا مافەکانی مرۆڤ؟ هەمووتان پێشێل کرد. کوا ئەوەی کە ئەورووپا بەهای هاوبەشی هەبوو. بەداخەوە ئەورووپا بەرەو رووی کارەساتێک مل دەنێت و بەرەو کەندەڵانێک دەڕوات. بەڵام ئێمە ماوەی 10 ساڵە ئەو ئەورووپایە ئاگادار دەکەینەوە. پێمان گوتن کە 'سەرنج بدەن پارتە رەگەزپەرستەکان لە زۆربووندان'. بەڵام ئێوەش خۆتان لاواز نیشاندەدەن، ناتوانن بەشێوەیەکی بەهێز بەرگریی لە بەها مرۆییەکان بکەن. ئێوەش دەستتان بەگرفتاربوون بەشەعبەوی بوون کردووە. بەڵام پارتێکی رەگەزپەرستی رەسەن هەیە کە ئەم کارە دەکات. پێویستە ئێوە لە هەموو کاتێک بەهێزتر بوەستن تاوەکو زەوی لەژێر پێکانتاندا هەرەس نەهێنێت و ئەورووپا بتوانێت بەپێوە بوەستێت. بەپێچەوانەوە، بەرەو ئەورووپای بەرلە جەنگی دووەمی جیهانی هەنگاو دەنێین''.
چاوشئۆغڵو جەختی لەوەکردەوە کە هیچ کەسێک ناتوانێت رێگەی لێبگرێت لەوەی کە بچێتە ئەورووپا و لەگەڵ هاووڵاتییانی تورکیای دانیشتوووی ئەو وڵاتانەدا کۆبێتەوە و گوتی: ''دەچین و چاومان بەهاووڵاتییانمان دەکەوێت. ئەوە کە فشار بخەنەسەر هۆتێلەکان، یان هۆڵەکانی کۆبوونەوە و پۆلیس بنێرنە گیانی خاوەنی هۆڵەکان، ئەمە هەمووی فشارێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە و دەوڵەتی قووڵ و دامەزراوەکانی سەربە حکوومەت بەشێکن لێی. بەڵام ئەمە دۆخێک نییە مایەی قبووڵکردن بێت. ئێمەش رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتە بەر و لەهیچ کەسێک سڵ ناکەینەوە''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: ''رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە، فەتۆ، داعش و دەهەکەپەجە، هەڵمەتی بانگەشەی 'نەخێر'یان دەستپێکردووە چونکە نایانەوێت تورکیا بەهێزبێت و پێش ئەوەی بگوترێت 'نەخێر' پێویستە بیر لەو شتانە بکرێتەوە''.