Emre Karaca
30 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە – AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگهیاند: "لهپێناو پاراستنی توركهكانی قوبرس هێزی زیاتر بۆ ئهوێ دهنێرین و لهڕووی چهكهوه چ پێویستییهكان ههبێت بۆیان پڕدهكهینهوه".
لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری گەنجانی رێکخستنی لاوانی ئاک پارتی لە نێو زانکۆکان كه لە زانکۆی پاموککالە سازكرا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاشكرایكرد، ئەگەر هەموو جیهان لە بەرامبەر تورکیا رابوەستن، ئەوا بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ماف و بهرژهوهندییهكانی لە قوبرس، دەریای ئیجە و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و سوورن لەسەر ئەم بابەتە.
چاوشئۆغڵو هەڵسەنگاندنی بۆ بڕیارهكهی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆی چەک لەسەر قوبرسی باشووری یۆنانی کرد و ئاشكرایكرد، لە بارهی ئەو لێدوانانەی کە دەڵێن "لە بابەتی سپیکردنەوەی پارە هەماهەنگیان کردووە بۆیە دەبێت خەڵات بکرێن" لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن لێی پرسیوە: "جگە لە چەک شتی دیکەتان نییە بیاندەنێ؟"
وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند به بڵینكنی گوتووه: "پارەیان بدەنێ. پێیان خۆشە. پێداویستیشیان هەیە. بۆچی چەکیان دەدەنێ؟ ئەم چەکەیان لە دژی کێ پێدەدەن؟".
مهولود چاوشئۆغڵو لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی کە ئەمریکا دەریکردووە گوتی: "لهپێناو پاراستنی توركهكانی قوبرس هێزی زیاتر بۆ ئهوێ دهنێرین و لهڕووی چهكهوه چ پێویستییهكان ههبێت بۆیان پڕدهكهینهوه".
چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە تەواوی توانا دیپلۆماتییەکانیان بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی تورکیا بەکارهێناوە و دووپاتی کردەوە کە لە گۆڕەپان و لەسەر مێزی گفتوگۆ بەهێزن.