Utku Şimşek
16 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2025
ئەنقەرە - AA
ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک، لە بینای وەزارەتەکە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی ساز کرد.
ئاکتورک باسی لەوە کرد کە سوپای تورکیا لە خەباتی نەتەوەییەوە هەتا ئێستا گشتگیرترین و چڕترین و کاریگەرترین ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی بەجێگەیاندووە و ڕایگەیاند: ''لە ڕێگەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە لە باکووری عێراق و سووریا ئەنجامدراون، لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە هەتا ئەمڕۆ سێ هەزار و ٢٢٦ تیرۆریست لەچالاکی خراون، لەوانەیش ٦٢یان لە هەفتەی ڕابردوودا لەچالاکی خراون. لەلایەکی دیکەوە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی گەڕان و کێوماڵکردن کە لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ و خواکورک درێژەی هەیە ژمارەیەک ئەشکەوت دۆزراونەتەوە و تیایدا دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک، تەقەمەنی و پێداویستی ژیان''.

زەکی ئاکتورک باسی لەوە کرد کە کارەکانی بنیاتنانی سەقامگیریی لە سووریا و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی شکۆمەندانەی پەنابەران درێژەی هەیە و، رایگەیاند: ''جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە وەک چۆن هەتا ئێستا بووە لەمەودواش هەر یەک لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە/هەسەدە و داعش لە سووریا و عێراق کە هەڕەشەن بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سووریا، ئامانجی ڕەوامانن''.

سەبارەت بەوەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە|یەپەگە لە ناوچەی بەنداوی تشرین هاووڵاتیانی مەدەنی وەک قەڵغان بەکاردەهێنێت، ئاکتورک ڕایگەیاند: ''لە نزیکەوە چاودێری شەڕ و پێکدادانەکان دەکەین کە لە ناوچەی تشرین لە نێوان سوپای نیشتمانیی سووریا و ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە|یەپەگە درێژەی هەیە. ڕێکخراوی تیرۆریستیی بە زۆرەملێ هاووڵاتیانی مەدەنی دەهێنێت بۆ ناوچەی شەڕ و پێکدادانەکان و زانیاری نادروست بە ڕای گشتیی نێودەوڵەتیی دەگەیەنێت و فریوی دەدات بەوەی گوایە هێرش کراوەتە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی''.