Emre Gürkan Abay,Ali Cura
19 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2021
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کە بە "بکوژ" وەسفیکردبوو و بە بیانووی ئەوەی دەستوەردانی لە ھەڵبژاردنەکەی ئەمریکا ئەنجامداوە گوتبووی "دەبێت باجەکەی بدات"، دایەوە.
پوتین لە میانی کۆبوونەوەیەکی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە لەگەڵ نوێنەرانی نیمچەدوورگەی قرم کە پێش حەوت ساڵ بە نایاسایی لکێندرایە رووسیاوە، لە بەرامبەر لێداونەکانی بایدن گوتی، "تەندروستی باشی بۆ دەخوازم".
پوتین، ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەوەی بە نوکتە و گاڵتە نەوتووە" و گوتی، "لە رابردووی ھەموو کۆمەڵگەیەکدا رووداوی دژوار و دراماتیک روویداوە. ھەڵسەنگاندنی وڵاتێک، دەوڵەتێک، خەڵک یان کەسانی دیکە وەکو تەماشاکردنی ئاوێنە وایە. ھەموو کات خۆتان دەبینن".
پوتین لە بارەی بابەتەکە منداڵی خۆی وەکو نموونە ھێنایەوە و گوتی، "لەو مشتومڕانەی کە لە منداڵیدا رووبەڕوومان دەبوویەوە بە کەسی بەرامبەرمان دەگوت 'ئەوەی دەڵێت خۆی دەبێت'. ئەمە تەنھا گاڵتەیەکی منداڵی نییە، لە رووی دەروونناسییەوە مانایەکی قوڵی ھەیە. تایبەتمەندییەکانی خۆمان لە بەرامبەرکەماندا دەبینین و وابیردەکەینەوە کە وەکو ئێمەیە".
سەرۆکی رووسیا، جەختی لەوە کردەوە کە لەناو سستەمی دامەزراوەیی ئەمریکادا، کەسانێک ھەن کە دەیانەوێت لەگەڵ رووسیا لە ئاشتیدا بژین و گوتی، "ئەمە دەزانین و بایەخ بەوانە دەدەین. ئەگەر بێینە سەر سستەمی دامەزراوەیی دەسەڵات، ئەوە ھۆشداری دامەزراوەیی لە ئەمریکا، بەگشتی و بە شێوەیەکی قورس لەسەر کۆمەڵکوژی خەڵکی رەسەن دروستکراوە".
ڤلادیمیر پوتین، باسی لەوەشکرد کە ئەم جۆرە کردارانەی ئیدارەی ئەمریکا تاکو ئەمڕۆ بەردەوامە و گوتی، "ئەگەر ئەمانە نەبوایە جوڵانەوەی ژیانی رەشپێستان گرنگە دروست نەدەبوو. ھێشتا ئەمریکییە بە رەچەڵەک ئەفریقییەکان رووبەڕووی نادادپەروەری و لەناوبردن دەبنەوە. لە مێژووی ئەمریکادا سەردەمێکی درێژی پڕئازاری کۆیلايەتی روویداوە".
- "دەزانین لەو خاڵانەی کە بەرژەوەندیمانی تیایدا ھەیە پەیوەندییەکانمان بەڕێوەببەین"
ڤلادیمیر پوتین ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیدارەی ئەمریکا، بەگشتی دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ رووسیا لەسەر ئەو خاڵانەی کە بەرژەوەندییانی تێدا ھەیە ببەستێت و گوتی: "ئێمەش دەزانین لەو خاڵانەی کە بەرژەوەندیمانی تێدا ھەیە پەیوەندییەکانمان بەڕێوەببەین. ئێمە کەسانی جیاوازین، ئێمە کۆدی جیاوازی جینی و کولتووریمان ھەیە. لەو بوارانەی کە بەرژەوەندی خۆمانی تیادایە، بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەمریکا. پێویستە ئەوان رووبەڕووی ئەمە ببنەوە. بەردەوام دەبین لە پێشخستنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سەرجەم وڵاتان بە ئەمریکاوە".
جێگەی باسە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاندبوو کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین "بکوژە" و لەبەرئەوەی دەستوەردانی کردووە لە ھەڵبژاردنەکەی ئەمریکادا ''باجەکەی دەدات''.