Ruslan Rehimov
04 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2022
کیێڤ-AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلادیمیر زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد کە مانا بە ھەڵوێستی ناتۆ لەسەر داخستنی کایەی ئاسمانیی ئۆکراینا نادات و گوتی: "ئێوە پارچه پارچه بوونی چەندین مرۆڤ، پەڕینی چەندین قۆڵ، ران و سەرتان پێویستە بۆ ئەوەی کایەی ئاسمانی دابخەن".
ڤلادیمیر زێلێنسکی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
زێلێنسکی سوپاسی ئەو پاڵپشتییەی کرد کە بە ئۆکراینا دراوە و رایگەیاند، پاڵپشتییەکان درەنگ كهوتوون و گوتی: "ئەگەر پێشتر ئەمە بکرایە، رۆڵهكان نەدەمردن. دەبوو جیھان ھێزی خۆی نیشانبدات".
سەرۆکی ئۆکراینا تیشكی خستهسهر ئهوهی، داوای داخستنی کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەیان کردووە و ئاماژەی بەوە کرد مانای بە ھەڵوێستی ناتۆ لهوبارهوه نەداوە و گوتی:
"دەمەوێت کایەی ئاسمانییمان بە تەواوەتی دابخرێت، چونکە نەک تەنھا لە رووسیاوە بەڵکو لە بێلاڕووسیشەوە مووشەکمان ئاراستە دەکەن، مووشەکی ئیسکەندەر دههاوێژرێت. ئەگەر ئێستا کایەی ئاسمانی داناخەن، ئەوکات رێکەوتێکمان پێ بدەن. بۆ ئەوەی ئێوە کایەی ئاسمانیی دابخەن پێویستتان به پارچه پارچه بوونی چەند مرۆڤ، پەڕینی چەند قۆڵ، ران و سەرە".
ڤلادیمیر زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە کە ئۆکراینا، پێویستی بە فڕۆکەی جەنگی ھەیە و گوتی: "بەبێ فڕۆکە ھیچ شتێکمان پێناکرێت. ئەم دۆخە بووەتە ھۆکاری لەدەستدانی ژیانی چەندین مرۆڤ".
- "پوتین چیت لە ئێمە دەوێت؟"
زێلێنسکی رووی قسەکانی ئاراستەی پوتین کرد و گوتی: "چیت لە ئێمە دەوێت؟ لەسەر خاکەکەمان بڕۆ. ئەگەر ئێستا ناتەوێت دەربچیت، لەگەڵم لەسەر مێزی دانوستان دابنیشە. کاتت ھەیە، لەگەڵ من دابنیشە بەڵام وەکو ئەوەی ماکرۆن و شۆڵتز با ٣٠ مەتر لە نێوانماندا نەبێت. من دراوسێی تۆم. ناتگهزم. من پیاوێکی ئاساییم، لەگەڵم دابنیشە و قسە بکە. بۆچی دەترسیت؟ ئێمە ھەڕەشە لەکەس ناکەین، ئێمە تیرۆریست نین. دەست بەسەر بانکەکان و خاکی کەسانی دیکەدا ناگرین".
ههر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، سەرۆکی ئۆکراینا بانگەوازێکی ئاراستەی دایکە رووسەکان کرد و گوتی: "ئەم رۆڵانەی ئێوە بۆ کوشتن ھاتوون بۆ ئێرە. من نامەوێت؛ با دایکەکان لەمە تێبگەن و بێن رۆڵەکانیان ببەنەوە. تەنانەت با دایکی ئەو رۆڵانەش بێن کە گیانیان لەدەستداوە. ئێمە ھەموو دهرفهتێك بۆ ئەم دایکانە فەراھەم دەکەین. دایکان، تکایە وەرن رۆڵەکانتان ببەنەوە. با مەیتخانە نەبێتە شوێنی ئەو گەنجانە".