Ali Cura
13 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2023
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین لەگەڵ سەرکردەی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لەلایەن کریملینەوە بڵاوکراوەتەوە، پوتین و کیم لە بنکەی بۆشایی ئاسمانی ڤۆستۆنچنی ناوچەی ئامور-ی ڕووسیا کۆبوونەتەوە.
کیم کە لەلایەن پوتینەوە لە بنکەکە پێشوازی لێکرا، سوپاسی پوتینی کرد کە سەرەڕای بەرنامە چڕەکانی بانگھێشتی کردووە بۆ ڕووسیا.
سەرۆکی ڕووسیا پوتین، باسی لەوە کرد کە سەردانەکە لە بەروارێکدا ئەنجامدراوە کە گرنگە بۆ کۆریای باکوور و گوتی: "زۆر دڵخۆشبووم بە دیدارتان. سەردانەکە ھاوکاتە لەگەڵ ئەم ڕووداوە گرنگانە؛ ٧٥مین ساڵیادی دامەزراندنی کۆمار، ٧٠مین ساڵیادی جەنگی گەورەی ڕزگاری، ٧٥مین ساڵیادی دروستکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان".
ھەردوو سەرکردە کە بە ناو دامەزراوە نوێیەکەدا گەڕان، وەرشەی بەستنی ئامێری ھەڵدانی مووشەکەکانی بۆشایی ئاسمان "ئەنگارا" و، سەکۆی ھەڵدانی کەشتی ئاسمانیی "Soyuz-٢" و سەکۆی ھەڵدانی ''ئەنگارا'' کە لە قۆناغی دروستکردندایە بەسەرکردەوە.
کیم بە شەمەندەفەری تایبەت سەردانی ناوچەکەی کرد کە بنکەی بۆشایی ئاسمانی ڤۆستۆچنی لێیە و، بە ئۆتۆمبێل بە بنکەکەدا گەڕا.
دوای بەسەرکردنەوەی بنکەی بۆشایی ئاسمان، ھەردوو سەرکردەکە بە بەشداری شاندەکانیان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.