Nazlı Yüzbaşıoğlu
06 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2021
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە سەرەڕای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ قەبارەی بازرگانیی لەنێوان ئەڵمانیا و تورکیا بەشێوەیەکی خێرا زیادیکردووە.
مەولود چاوشئۆغڵو لە دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی و نێوان شاندەکان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هایکۆ ماس کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشی سازکرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، باسی لەوە کرد کە لەگەڵ هاوتا ئەڵمانیەکەیدا بیروڕایان ئاڵوگۆڕکردووە لەبارەی بابەتە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان.
مەولود چاوشئۆغڵو ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە سەرەتای هەفتەدا سەردانی لیبیای کردووە، خەجتیشی لەسەر پشتیوانی حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتە کردەوە کە تازە پێکهێنراوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەو پشتیوانییە گرنگە بۆ ئامادەیی لیبیا بۆ هەڵبژاردن و دەستەبەرکردنی داخوازییەکانی گەلی ئەو وڵاتە.
مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە پێویستە بوونی شەرعیەت لە لیبیا تێکەڵ نەکرێت لەگەڵ شەڕکەرە تیرۆریستە بیانییەکان و گوتی: ''لە لیبیادا ژمارەیەکی زۆر جەنگاوەری بیانیی و سەربازیی بەکرێگیراو هەن. هاوڕاین لەسەر کشانەوەی ئەوانە، بەڵام کۆتاییهێنان بەو پشتیوانیانە لە سوودی لیبیادا نییە کە پێویستی وڵاتەکەن وەک مەشقی سەربازیی و پشتوانی راوێژکاریی بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات. لەڕووی لایەنی سێیەمەوە ئەو جۆرە رێککەوتنانەی نێوان ئەو دوو وڵاتە هەڵوێستێکی دروست نییە''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە قەبارەی بازرگانیی لەنێوان ئەڵمانیا و تورکیا رایگەیاند "پهیوهندییه بازرگانییهكانمان لهگهڵ ئهڵمانیا بهخێرایی گهشه دهكهن. چاوهڕوان دهكرێت ئهمساڵ بگاته ٤٠ ملیار دۆلار".
مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بە بەردەوامی ئەو رێکاریانە کرد کە وڵاتەکەی لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا گرتوویەتەبەر و خواستی تورکیای بۆ زیادکردنی هاریکاریی بازرگانیی و ئابووریی لەگەڵ ئەڵمانیادا خستەڕوو لە ئایندەدا.
هاوکات وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد کە زۆر وڵات دەستیان نەگەیشتووە بە ڤاکسینی وڵاتان و کۆمپانیا جیاوازەکان و پێویستە وڵاتانی دیکەش لەبیرنەکرێت لەو بارەیەوە.
مەولود چاوشئۆغڵو هاریکاری باشتری سەبارەت بە ڤاکسینەکانی کۆرۆنا بە پێویستزانی و گوتی: ''بەدڵنیایییەوە پێویستە رێز لە مافی خاوەندارێتی کۆمپانیاکە بگیرێت، بەڵام پێویستیشە وڵاتان هاریکاری باشتر بکەن لەبارەی بەرهەمی هاوبەشەوە''.