Ahmet Furkan Mercan
28 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2022
تۆکیۆ - AA
کەشتییەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی چین چوونە سنوورە ئاوییەکانی ژاپۆن لە دەوروبەری دوورگەکانی سەنکاکو کە ئەو دوورگانە کێشەیان لەسەرە و دەکەونە دەریای چینی خۆرهەڵاتەوە.
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی ناوچەی ١١ لە قەزای ناها سەربە ویلایەتی ئۆکیناوا بڵاوی کردەوە کە سێ کەشتی ئاسایشی کەناراوەکانی چین سنوورە ئاوییە نیشتمانییەکانی ژاپۆن-یان بەزاندووە.
کەشتییەکانی چین کە بە نزیک دوورگەی ئوۆتسوری بە ناوچەکەدا تێپەڕیوون لە کەشتی ماسیگرانی ژاپۆن نزیک بوونەتەوە کە ناوچەیەکی کێشە لەسەرە و دەکەوێتە سنوورە ئاوییەکانی ژاپۆن.
ئاماژە بەوەیش دراوە کە ئەو کەشتییانە لەلایەن کەشتییەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی ژاپۆن، هۆشدارییان پێدرا بۆ ئەوەی ناوچەکە جێ بهێڵن.
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی ژاپۆن بڵاوی کردەوە کە لە هەشتی ئەیلوولی ئەمساڵەوە، کەشتییەکانی چین بۆ جاری ٢٧هەمینە سنوورە ئاوییەکانی ژاپۆن دەبەزێنن.
- تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە ناوچەی دوورگەکانی ئیزو
وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن ئاشکرای کردبوو کە حەوت کەشتیی چین و رووسیا بە ناوچەی دوورگەکانی ئیزو باشووری تۆکیۆی پایتەخت تێپەڕیون.
سێ کەشتی کە سەربە هێزە دەرییاییەکانی چینن لە نزیک دوورگەکانی سومیسو و تۆری تێپەڕیون و چوار کەشتی رووسیا لە نزیک دوورگەکانی هاچیجۆ و میکورا تێپەڕیون.
- دوورگە کێشە لەسەرەکان
دوورگە کێشە لەسەرەکان لە دەریای چینی خۆرهەڵات کە ژاپۆن بە "سەنکاکو" و چینیش بە "دیائۆیو" ناویان دەبات لە پێنج دوورگە و سێ بەردەڵان پێک هاتوون.
لە کاتێکدا کەس لەو زنجیرە دوورگانەدا ناژی، لەمێژە کێشە لەسەر سەروەرێتی ئەم دوورگانە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دروست بووە.