ئەستەنبوڵ
چالاکوانەکان لەتورکیا کەژمارەیەکی زۆر زانا، ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەنووس، مامۆستا و پیشەی دیکە بەشداریان تێدا کردووە، سیمبوڵی (چوارپەنجە)ی خۆپیشاندەرانی ڕابیعە عەدەوییان کرد بە لۆگۆی کەمپینەکەیان.
چوارپەنجە ھەرزوو لە میدیاکانی جیھان بەخێرایی بڵاو بوویەوەو بەھەزاران کەس لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەییسبوک و تویتەر) ئەو سیمبوڵەیان بڵاوکردەوە یا کردیان بەوێنەی پڕۆفایلەکانیان.
سیمبوڵی چوار پەنجە یانی چی؟
ئەمڕۆ لەمیسر ژمارە چوار خەریکە دەبێتە سیمبوڵ، خۆپیشاندەران کە لایەنگری لەمحەمەد مورسی دەکەن بایەخ بەژمارە چوار دەدەن.
رابیعە لەزمانی عەرەبیدا یانی چوار یا چوارەمین، بەو دواییانە مەیدانی رابیعەی عەدەویی بووە گۆڕەپانی لایەنگرانی مورسی و تێیدا چەندین شەوو رۆژ بۆ ناڕەزایی دەربڕین مانەوە، کەچی بووە گۆڕستانێکی گەورە بۆیان.
رابیعە عەدەویی بەھۆی خۆپیشاندەرانەوە بووە جێی بایەخی میدیاکانی جیھان و میسر چاوەڕێ بوو گۆڕانکارییەکان لێرەوە دەست پێبکەنەوە، ھەر ئەوەیش وایکرد ناوبانگی بەقەدەر ناوبانگی (مەیدانی تەحریر) بدرەوشێتەوە کە تێیدا خۆپیشاندەران حوسنی موبارەکیان ناچار کرد سەرۆکایەتیی وڵات واز لێبێنێ. بەڵام ئاکامی رابیعە بووە گۆڕی سەدان خۆپیشاندەر.
مەیدانەکە بەناوی ژنێکی موسڵمانەوە نراوە تا ھەمیشە لەیاد نەکرێ، ئێستا ئیتر مانای مەیدانەکە بۆ میسرییەکان بووە شتێکی دیکە.
رۆژی ١٣ ئابی ٢٠١٣ چالاکوانەکان بەپەنجەکانی دەستیان ژمارە چواریان بەرزکردەوەو وەکو رەمزو شانازییەک دەریددەخەن بۆ درێژەدان لەدژی کودەتاچییەکان.
جگە لەرابیعەی عەدەویی، لایەنگرانی مورسی ئەویان وەکو سەرۆکی ژمارە چواری میسر ناساندووە (جەمال عەبدولناسر، ئەنوەر سادات، حوسنی موبارەک، محەمەد مورسی)و بەبەرزکردنەوەی چوار پەنجەی دەستیان جەخت دەکەنەوە لەشەرعیەتی پۆستەکەی کە ئێستا لادراوە.