Dildar Baykan
21 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2021
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی نوێی کۆشکی سپی، جەن ساکی، یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانی ساز کرد.
ساکی ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە جۆ بایدن ھەر لەگەڵ ھاتنە سەر دەسەڵاتی وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا ژمارەیەک بڕیارنامەی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ واژوو کردووە، گرنگترینیشیان ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری رێگریکردن لە گەشتکردنی ھاووڵاتییانی چەند وڵاتێکی ئیسلامی بۆ ئەمریکا و، بڕیاری گەڕانەوە بۆ ناو رێکخراوی تەندروستی جیھانی بووە.
گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی، جەختی لەوەشکردەوە کە، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ راگەیاندنەکان دەبێت و رایگەیاند "باشترین رێگا بۆ رێگریکردن لە چەواشەکاری، بڵاوکردنەوەی زانیارییە".
- "ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ مەیدانە نێودەوڵەتییەکان"
ساکی لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی ئەوەی كه، بایدن لەگەڵ سەرۆکی چ وڵاتێک کۆدەبێتەوە رایگەیاند: "بایدن یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە بیانییەکان، رۆژی ھەینی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا جۆستن ترودۆ ئەنجام دەدات".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە، لە قۆناغی ئایندەدا ئەمریکا رۆڵێکی گرنگی لە سیاسەتی دەرەوەدا دەبێت و گوتی: "ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ مەیدانە نێودەوڵەتییەکان".
ناوبراو، لە بارەی بەدواداچوونەکانی سەرۆکی نوێی ئەمریکا بۆ ئامارەکانی تایبەت بە کۆرۆنا رایگەیاند: "بایدن ھەموو بەیانییەک دوای لەخەو ھەستان و، ھەموو شەوێک پێش خەوتن چاودێری نوێترین ئامارەکانی کۆرۆنا دەکات".