Sarp Özer
24 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2023
ئەنقەرە - AA
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵدا، سوپای تورکیا تا ئەمڕۆ ٦٠٥ تیرۆریستیی لەچالاکی خستووە و دەستی گرتووە بەسەر هەزار و ٣٤٣ چەکی جۆراوجۆر و ٧٠٦ هەزار و ٦٥٠ جۆر تەقەمەنییدا. هێزەکانی کۆماندۆش لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکەدا ٦٧٠ ئەشکەوت و پەناگە کە لەلایەن تیرۆریستانەوە بەکارهێندراوە، لەناوبردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، سوپای تورکیا کە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوور لە ناوچەی خواکورکەوە دەستی بە زنجیرەی ئۆپەراسیۆنەکانی "چنگ" کرد لە باکووری عێراق و بە سینات-هەفتانین درێژەی پێدا، دواتر مەودای ئۆپەراسیۆنەکەی بەرەو مەتینا و ئاڤاشین فراوان کرد.
بەهۆی هەڵاتنی تیرۆریستان بەرەو ناوچەی زاپ، سوپای تورکیا لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢دا، ئۆپەراسیۆنی "چنگ-قفڵ" بۆ سەر ناوچەکە دەست پێ کرد.
ئۆپەراسیۆنەکە کە ئامانج لێی بنەبڕکردنی ئەو هێرشانەیە کە لە باکووری عێراقەوە ڕاستەوخۆ دەکرایە سەر سنوور، هەمان ڕۆژ بە ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی ئاسمانیی دەستی پێ کرد.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە بە لەبەرچاوگرتنی ڕێزگرتن لە سەروەری و یەک پارچەیی خاکی عێراق بەڕێوەدەچێت، کۆماندۆکان ئەشکەوتەکانی تیرۆریستانیان لە ناوچەکە دەستنیشان کرد و لەناویان بردن.
- ئاماری ئۆپەراسیۆنەکە
بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگرییەوە دەستکەوتووە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا تا ئەمڕۆ ٦٠٥ تیرۆریست لەچالاکی خراون و، ٦٧٠ ئەشکەوت و پەناگە کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیيەوە بەکارهێندراوە، لەناوبراون.
هێزەکانی کۆماندۆ دەستیان گرتووە بەسەر هەزار و ٣٤٣ چەکی جۆراوجۆر و ٧٠٦ هەزار و ٦٥٠ جۆر تەقەمەنییدا.
هەروەها دوو هەزار و ٢٨٤ مین و بۆمبی دەستی کە لەلایەن تیرۆریستانەوە لە ناوچەکە دانراوبوو، پوچەڵکراونەتەوە.