شانگھای
نەخۆشێكی تەمەن ٨٠ ساڵ كە ڤایرۆسی پەتای باڵندە H7N9 لە لەشی دۆزرابوەوە، گیانی لە دەستدا.
بە پێی ھەواڵێكی ئاژانسی شینخوا، كەسێكی دانیشتووی شاری شینجین لە باشووری چین بە ھۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن روانەی نەخۆشخانە كرا و لە ئەنجامی پشكنینەكاندا دەركەوت كە ڤایرۆسی پەتای باڵندە H7N9 لە لەشیدایە، دواتر روانەی شاری ھۆنگ كۆنگ كراوە، لەوێ خراوەتە ژێر چاودێری تایبەتەوە.
بەرپرسانی نەخۆشخانەی ھۆنگ كۆنگ ئاماژەیان بەوە كرد ١٧ی مانگ ماوەی چاودێری تایبەتی ئەو كەسە بە كۆتا ھاتووە، دوای لێكۆڵینەوەكان دەردەكەوێ كە ئایا ھۆی مردنی ئەو كەسە ڤایرۆسی H7N9 یە یان نا.
ناوەندی لێكۆڵینەوەی نەخۆشییە گشتییەكانی نەخۆشخانەی ھۆنگ كۆنگ لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە ناكرێ ھۆی مردنی ئەو كەسە بۆ ڤایرۆسی H7N9 بگەڕێندرێتەوە، چونكە ئەو كەسە نەخۆشی دڵیشی ھەبووە، رەنگە ئەو ڤایرۆسە بە ھۆی لاوازبوونی ئاستی بەرگری لەش، زەمینەی بۆ راوەستانی دڵ خۆش كردبێ.
لە چین جۆرێكی نوێ لە پەتای باڵندە دۆزراوەتەوە و لە مانگی ئادارەوە تا ئەمڕۆ ١٤٠ كەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە، ٨٧ كەس دوای چارەسەری پێویست لە نەخۆشخانە رەوانەی ناو خێزانەكانیان كراون.