Ahmet Furkan Mercan
16 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2020
تۆکیۆ - AA
سەرکردەی پارتی لیبرال دیموکراتی دەسەڵاتدار لە ژاپۆن، یۆشیهیدی سوگا لە دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، بە سەرۆکوەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا.
لە دانیشتنێکدا کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، باڵی خوارەوەی پەرلەمانی ژاپۆن (شوگین) سازکرا، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکەیان.
یۆشیهیدی سوگا بە بەدەستهێنانی دەنگی ٣١٤ ئەندام لە کۆی ٤٦٥ ئەندامی ئەنجوومەنەکە کە پارتەکەی تیایدا باڵادەستە، بە سەرۆکوەزیرانی نوێی ژاپۆن هەڵبژێردرا.
لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتی لیبرال دیموکراتدا، یۆشیهیدی سوگا لە کۆی ٥٣٤ دەنگ بە دەنگی ٣٧٧ ئەندام واتا بە بەدەستهێنانی سەدا ٧٠ی دەنگەکان بە سەرکردەی ئەو پارتە هەڵبژێردرابوو.
یۆشیهیدی سوگا تا ئەیلوولی ٢٠٢١ هەڵبژاردنی گشتیی ئاسایی بەردەوام دەبێت لەسەر پۆستەکەی.