Hemn Husain
20 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2016
هەولێر
دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری جێبەجێ كردنی سیستەمی پاشەكەوتكردن لە مووچەی مووچەخۆران دا و بۆ ئەم مەبەستەش رایگەیاند كە مووچەی فەرمانبەران بەشێكی پاشەكەوت دەكرێت تاوەكو قەیرانەكە تێ دەپەڕێت و زۆرترین مووچە، زۆرترین پاشەكەوت و كەمترین مووچەش، كەمترین پاشەكەوتی تێدەكرێت و ئەمەش بۆچوونی جیاوازی لەلای پەرلەمانتاران دروست كرد.
سەبارەت بەم پرسە پەرلەمانتار لەسەر لیستی توركمانی ئایدن مەعرووف لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم بارودۆخەی لە هەرێمی كوردستان هەیە بارودۆخێكی جیاوازە بە تایبەت قەیرانی دارایی و رەوانە نەكردنی بوودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی بەغداوە بۆ ماوەی دوو ساڵ، جگە لەوەش دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا كاریگەری راستەوخۆی هەبووە لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەستا بە ئەنجامدانی پرۆژەیەك بەناوی پاشەكەوتكردنی مووچە كە ئەمەش كاریگەری لەسەر مووچەخۆران دروست كرد".
ئایدن مەعرووف پێی وایە كە هەرە پڕۆژەیەك لە بەرژەوەندی خەڵكدا بێت، دەبێت بە هەماهەنگی و پشتیوانی پەرلەمانی كوردستان بێت و لە درێژەی لێدوانەكەیدا گوتی: "هەر پرۆژەیەك كە لەبەرژەوەندی خەڵكدا بێت وەك پرۆژەی چاكسازی و پرۆژەی پاشەكەوتكردنی مووچەی مووچەخۆران، ئەوا دەبێت بە هەماهەنگی و پشتیوانی پەرلەمانی كوردستان بێت، چونكە پەرلەمانی كوردستان ئاگاداری ئەم پرۆژەیە نەبووە".
ئایدن مەعرووف ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان لەگەڵ كەمكردنەوە یان پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان نین و لە درێژەی لێدوانەكەیدا گوتی: "ئێمە لەگەڵ پاشەكەوتكردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران نین چونكە ئەمە كاریگەری لەسەر ژیانی ئەم توێژە دەبێت و جگە لەوەش لە هەندێك ناوچەدا دەبێتە هۆی بایكۆتكردنی ناوەندەكانی خوێندن و ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی پەروەردە دەبێت، بۆیە پێمان وایە دەبێت شێوازێكی تر پەیڕەو بكرێت بۆ ئەوەی كاریگەری خراپی لەسەر بژێوی خەڵك نەبێت".
هەر سەبارەت بەم پرسە، پەرلەمانتار لەسەر لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دكتۆر شێركۆ جەودەت پێی وایە كە جێبەجێ كردنی بڕیاری سیستەمی پاشەكەوت لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیراندا نییە و ئەمە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستانە.
پەرلەمانتار دكتۆر شێركۆ جەودەت لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە دڵنیاییەوە ئێمە دوو ساڵ زیاترە خۆمان پرۆژەمان هەبووە بۆ كەمكردنەوەی مووچەی پلە تایبەتەكان و بە ئاساییمان نەزانیووە كە جیاوازی نێوان مووچەی پلە تایبەتەكان و مووچەی فەرمانبەران بەو شێوەیە بێت، بەڵام لەم پرۆژەیەدا ئەنجوومەنی وەزیران پرسی بە پەرلەمان نەكردووە و بۆخۆی ئەم بڕیارەی داوە، لە رووی یاساییەوە ئەنجوومەنی وەزیران ناتوانێت بڕیار بۆ پەرلەمان بدات، بۆیە بە دڵنیاییەوە لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمان پێداچوونەوە بە هەموو ئەو بڕیارە داراییانە دەكەینەوە كە بە نایاسایی جێبەجێ كراون".
سەبارەت بە پاشەكەوتكردنی مووچەی پەرلەمانتاران، دكتۆر شێركۆ جەودەت ئاماژە بەوە دەكات كە لەگەڵ كەمكردنەوەی مووچەی پلە تایبەتەكانن بەڵام پێی وایە كە ئەم بڕیارە دەبێت پەرلەمان بیدات و لە درێژەی لێدوانەكەیدا گوتی: "بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ كەمكردنەوەی مووچەی پلە تایبەتەكانیان بەڵام دەبێت ئەم بڕیارە پەرلەمان بیدات نەك ئەنجوومەنی وەزیران".
بەڵام فرسەت سۆفی پێی وایە كە ئەمە بڕیارێكی لەناكاوە و لەبەرژەوەندی خەڵكە بۆیە دەبێت پەرلەمانتاران پشتگیری بكەن.
پەرلەمانتار لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دكتۆر فرسەت سۆفی گوتی: " پاشەكەوتكردنی مووچەی پلە تایبەتەكان و پەرلەمانتاران ئەمە بڕیارێكی لەناكاوە و لە بەرژەوەندی خەڵكە و دەبێت ئێمەش پشتگیری لێ بكەین چونكە ئێمە وەكو پەرلەمانتاران نوێنەری خەڵكین و ئەوەی لەبەرژەوەندی خەڵكدا بێت ئێمە پشتگیری لێ دەكەین".
لە بەرامبەردا گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەو دەكات كە ئەمە پرۆژەی پەرلەمان بووە و دەبوایە ئەوان دەستپێشخەریان بۆ ئەم پرۆژەیە بكردایە.
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەفین دزەیی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە پێشتریش پێشنیازی پەرلەمان بووە و باوەڕ ناكەم هیچ كەس دژی جێبەجێ كردنی ئەم بڕیارە بێت، چونكە ناكرێت توێژێك بە تەواوی مووچەی خۆی وەربگرێت و ئەوانی دیكەش سیستەمی پاشەكەوت بیانگرێتەوە، لە راستیدا بۆخۆیان دەبوایە دەستپێشخەریی بكەن، بەڵام ئەوەی كە كراوە تەنیا بۆ پەرلەمانتاران نەبووە بەڵكو بۆ ئەنجوومەنی دادوەریش بووە، كە ئەمەش بە شێوەیەكی كاتییە و هیوادارین هەموو لایەك هاوكارمان بن".
جێگەی ئاماژەیە بۆ رووبەڕووبەوەی قەیرانی دارایی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچەی مووچەخۆرانی راگەیاند و بەو پێیەش بەشێك لە مووچەی مووچەخۆران لەلای حكوومەت دەمێنێتەوە و لە كاتی باشتربوونی دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان ئەوا ئەم بڕە پارەیە دابەش دەكرێتەوە.