Hemn Baban
23 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2016
هەریەک لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و رێكخراوی ئێزدی بۆ بەڵگەنامەكان لە ساڵرۆژی جیهانیی دژی كۆیلەكردن راپۆرتێكی هاوبەشیان لەسەر تاوانەكانی داعش دژ بە ئێزدییەكان بەتایبەت ژنان و كچانی ئێزیدی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماری ورد بڵاوكراونەتەوە.
بەپێی ئامارەكانی ئەو دوو دامەزراوەیە تا ئێستا 30 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كوژراون، دۆزراونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە دەستەی مافی مرۆڤ و رێكخراوی ئێزدی بۆ بەڵگەنامەكان راپۆرتی تایبەت و هاوبەشی خۆیان لەبارەی كچان و ژنانی رفێنراو لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە"داعش"ەوە كە ناونیشانی" كۆیلایەتی نوێ، كۆیلایەتیكردن بە ژنان و كچانی ئێزدی لە ژێر چنگی داعش" لە دوو توێی 29 لاپەڕەدا و بە هەرسێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوكردەوە.
راپۆرتەكەی ئەو دوو دامەزراوەیە چەندین بەش لە خۆدەگرێت، لەسەرەتای راپۆرتەكەدا هاتووە؛ گرتنی قەزای شنگال و گوندەكانی دەوروبەری لە 3ی ئابی ساڵی 2014دا لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە"داعش"ەوە، ئاوارەبوونی هەزاران كەس و رفاندن و كوشتنی چەندین ئێزدی لێكەوتەوە، لەوبارەیەوە هاتووە: "بەپێی زانیارییەكان ژمارەی رفێنراوانی ئێزدی لە ژنان، منداڵان و پیاوان لەوانەی ناویان تۆماركرابوو لەسەرەتاوە گەیشتە شەش هەزار و 404 كەس، لەوانە سێ هەزار و 538یان مێ و دوو هەزار و 866یان نێر بوون، ژمارەی رزگاربووانیش بریتیین لە دوو هەزار و 640 كەس كە 953یان مێ و 328یان نێرن، هەروەها لە منداڵانیشدا 657 منداڵ لە رەگەزی مێ و 684 منداڵی نێر رزگاركران. تاوەكو ئێستاش سێ هەزار و 770 كەس لە ئێزیدییەكان هێشتا لەژێر دەستی داعشدان''.
لە راپۆرتەكە چەندین شایەتحاڵ لەوانەی كە لەدەستی داعش رزگاریان بووە، پاش ماوەیەك مانەوە لەژێر دەسەڵاتییان بە وردی باسیان لە حاڵەتەكانی دەستدرێژی سێكسی، بازرگانیكردن بە مرۆڤ و كۆیلەكردن، كارپێكردنی بە زۆر، بێبەشكردن لە پێداویستییە بنەڕەتییەكان، دەست بەسەرداگرتن لە بارودۆخی نامرۆڤانە، ناچار كردن بۆ گۆڕینی ئاین، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، لێدان و ترساندن و رق لێبوونەوە، كردووە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ زیا پترۆس لەوبارەیەوە رایگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژی 23ی ئابە، رۆژی جیهانی دژی بەكۆیلەكردن و نەهێشتنییەتی، كە لە ساڵی 2007دا لە رێكخراوی یۆنسكۆ لە دانیشتنی 150 دیاریكراو و دواتر لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە دەستنیشانکرا، هەموو ساڵێك یادی دەكرێتەوە، ئێمەش لەو رۆژەدا ئەو راپۆرتە بڵاودەكەینەوە كە تایبەتە بەدەستدرێژیی چەكدارانی داعش بۆ سەر كچان و ژنانی ئێزدی، راپۆرتەكە دەدرێتە كونسوڵخانە و رێكخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەكان".
پترۆس لە درێژەی قسەكانیدا تیشكی خستە سەر ژمارەیەك ئامار كە لەدەستی ئەواندا هەیە لەبارەی ئەو نەهامەتی و ئازارانەی بە ئێزدییەكان گەیشتن لەسەر دەستی چەكدارانی داعش، ناوبراو گوتی: "برا ئێزدییەكان پێش ساڵی 2014 لەعێراق زیاتر لە 550 هەزار كەس بوون، رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014 نزیكەی 360 هەزار كەس لە ناوچەی شەنگال و دەوروبەری ئاوارە بوون، هەزار و 293 لەوان شەهید كراون، ئەوانەی بێ دایك و باوك مانەوە تا ئێستا بریتیین لە هەزار و 759 منداڵ كە بێ باوكن، 407 منداڵیش بێ دایكن، هەروەها 359 منداڵ بێ باوك و دایكن، ئەو منداڵانەی تا ئێستا لەدەستی داعشن 220 منداڵن، 30 گۆڕی بەكۆمەڵ تا ئێستا دەستنیشانكراون. لێرەوە داوا لە بەرپرسانی پەیوەندیدار دەكەین كە ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانە هەڵبدرێتەوە و نەهێڵدرێت دەستكاری بكرێت لە ئێستادا، چونكە لە داهاتوودا دەبێتە بەڵگە، هەورەها 44 مەزار و شوێنی پیرۆزی ئێزیدییەكان سوتێنراوە و وێرانكراون، شەش هەزار و 413 رفێنراو هەن، سێ هەزار و 543 لەوان ژن و كچن، دوو هەزار و 870 پیاو و منداڵن لە نێر و مێ، ئەوانەشی لەدەستی داعش رزگاركراون دوو هەزار و 352 كەس بوون، 956یان ژن و كچ بوون و 328 پیاو، 678 منداڵی مێ و 690 منداڵی نێرن، سێ هەزار و 761 كەس ماون و رزگارنەكراون، كە هەزار و 909 مێ و هەزار و 852 نێرن ئەو ئامارانە تایبەتن تا 15ی ئابی ئەمساڵ كە لەلامان دەست دەكەوێت".
بەرپرسی رێكخراوی ئێزدی بۆ بەڵگەنامەكان حوسام عەبدوڵا لە لێدوانێكدا بۆ راگەیاندنەكان گوتی:" راپۆرتەکە ژمارەیەكی زۆر لە ئیفادەی تێدایە كە لەماوەی ساڵ و نیوێك كۆمان كردووەتەوە لەوانەی كە بوون بە قوربانی لە كچان و ژنانی ئێزدی و بەتایبەت لەبارەی ئەوەی پەیوەندیی بە كۆیلایەتییەوە هەیە، راپۆرتەكەشمان ناوناوە كۆیلایەتی نوێ وەكو مەبەستێك بۆ ئەوەی كۆیلایەتی سەردەمی بەسەر چووە، بەڵام داعش بەشێوازی نوێ درووستیكردەوە، هەروەها لە راپۆرتەكەدا چەندین بەڵگەنامە هەیە لە نەخشە و ئەو شوێنانەی بەكارهێنراون بۆ ئازاردانی خەڵكی".
گوتیشی: "راپۆرتەكە جەخت لەسەر سێ تەوەری سەرەكی دەكاتەوە، یەكەمیان كۆكردنەوەی بەڵگەنامە و شایەتیی و ئیفادەی ئەو كەسانەی كە لەدەستی داعش رزگارییان بووە، بەشی دووەمیان باسی وەسفكردنی یاسایی ئەو پێشێلكارییانەیە و چەندین كەسایەتی یاساییمان لەگەڵ بوو لەنێویاندا بەڕێز دادوەر رەحیم عگێلی و هەروەها بەشی سێهەمیشی چەندین راسپاردەی لەخۆ گرتووە كە لە رۆژانی داهاتوو كاریان لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی فشار بخەینە سەر دامەزراوەكانی حكوومەت و نێودەڵەتی بەمەبەستی جێبەجێ كردنییان".
دواتر نوێنەرانی هەردوو دەزگا وەڵامی پرسیارەكانی رۆژنامەوانانییان دایەوە و باسیان لە گرنگیی بە بەڵگەنامەكردنی تاوانەكانی داعش لە دژی ئێزدییەكان كرد لەپێناو بەجینۆساید ناساندنی پرسەكە و گەیاندنی بە كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكان.