Mohammed Baqi Hussein
02 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2015
به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری ئانادۆڵو تا ئێستا سه‌دا 86ی ده‌نگه‌كانی ده‌ره‌وه و سه‌دا 99ی ده‌نگه‌كانی ناوخۆی توركیا جیاكراونه‌ته‌وه و به‌و پێیه ئاكپارتی به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی 7ی حوزه‌یراندا كه رێژه‌ی سه‌دا 40،87ی به‌ده‌ستهێنابوو سه‌دا 8،51ی زیادكردووه و گه‌یشتووەته سه‌دا 49،38.
به‌مجۆره ئاكپارتی ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی له 258ه‌وه بۆ 316 بهرزكردووەتهوه، واته 58 كورسی زیادكردووه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت 18 كورسی له هه‌ده‌په، 36 كورسی له مه‌هه‌په و 4 كورسی له جه‌هه‌په بۆ خۆی بردووه.
رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئاكپارتی له ته‌واوی شاره‌كانی توركیا هه‌ڵكشانی به‌خۆیه‌وه بینیوه و زۆرترین ژماره‌ی په‌رله‌مانتاریشی له شاری ئیستانبوڵ زیادكردووه. ئاكپارتی له ناوچه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می ئیستانبوڵ هەرکام دوو په‌رله‌مانتار و له ناوچه‌ی سێسهمدا 3 په‌رله‌مانتاری زیادكردووه كه ده‌كاته 7 په‌رله‌مانتار. له هه‌ڵبژاردنی پێشوودا ئاكپارتی له ئیستانبوڵ 39 ئه‌ندام په‌رله‌مانی هه‌بوو و له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی دوێنێدا ئه‌و ژماره‌یه‌ی بۆ 46 به‌رزكرده‌وه.
ئاكپارتی له ئه‌نقه‌ره‌ش ژماره‌ی په‌رله‌مانتارانی له 15ه‌وه گه‌یانده 16 و له ئیزمیر 8 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی وه‌ك خۆی مایه‌وه.
- ئاكپارتی له 78 پارێزگا په‌رله‌مانتاری هه‌یه
له‌سه‌رتاسه‌ری توركیادا ئاكپارتی له 48 پارێزگا ژماره‌ی په‌رله‌مانتارانی بهرزكردووەتهوه و له قۆناغی نوێی په‌رله‌ماندا له‌كۆی 81 پارێزگا نوێنه‌رایه‌تی 78 پارێزگا ده‌كات.
به‌پێی ئه‌نجامه نافه‌رمییه‌كان ئاكپارتی له شاره‌كانی هه‌كاری، شرنەخ و تونجه‌لی په‌رله‌مانتاری نییه. له 7ی حوزه‌یراندا له شاره‌كانی ئاگری و ئیدر-یش كورسی به‌ده‌ستنه‌هێنابوو به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی دوێنێدا یه‌كی كورسییه‌كی له‌و شارانه‌ش به‌ده‌ستهێنا.
هه‌ده‌په كه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 7ی حوزه‌یراندا 21 كورسی له‌ده‌ستداوه، به‌شێكی زۆری كورسییه‌كانی چووه بۆ ئاكپارتی و كورسییه‌كی هه‌ده‌په له‌هه‌ریه‌ك له‌شاره‌كانی ئه‌دانا، ئه‌نتاڵیا، ئاگری، بورسا، دیاربه‌كر، ئه‌رزڕووم، عه‌نتاب، ئیدر، قەرس، كۆجائه‌لی، ماردین و وان و دوو كورسی له ئورفا و 4 كورسی له ئیستانبوڵ چووه بۆ ئاكپارتی.
به‌و پێیه ئاكپارتی 18 په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی بۆ خۆی بردووه.
ئاكپارتی له ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵات و باشووری رۆژهه‌ڵات 7 كورسی تازه‌ی به‌ده‌ستهێناوه و ژماره‌ی كورسییه‌كانی له‌و ناوچه‌یه‌دا گه‌یاندووەته 14 كورسی.
- جه‌هه‌په 3 كورسی له‌ده‌ستداوه و 6 كورسیشی به‌ده‌ستهێناوه
جه‌هه‌په له هه‌ڵبژاردنی پێشوودا رێژه‌ی سه‌دا 24،95ی به‌ده‌ستهێنا و به‌پێی ئه‌نجامه نافه‌رمییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته، رێژه‌كه‌ی بۆ 25،43 بهرزكردووەتهوه. به‌وپێیه جه‌هه‌په هێشتا دووه‌م پارتی توركیایه و ژماره‌ی كورسییه‌كانی له 132ه‌وه گه‌یانده 134 و دوو كورسی به‌رزكرده‌وه. 4 كورسی جه‌هه‌په چووه بۆ ئاكپارتی و له‌به‌رانبه‌ردا جه‌هه‌په 3 كورسی له هه‌ریه‌ك له هه‌ده‌په و مه‌هه‌په بۆخۆی بردووه.
جه‌هه‌په كورسییه‌كی له هه‌ریه‌ك له شاره‌كانی تونجه‌لی، ئه‌رده‌هان و مێرسین له هه‌ده‌په وه‌رگرتووەته‌وه و له نیده كورسییه‌ك و له ئیزمیر دوو كورسی له مه‌هه‌په وه‌رگرتووەته‌وه. هاوكات كورسییه‌كی جه‌هه‌په له هه‌ریه‌ك له شاره‌كانی ئایدن، دێنیزلی و ئه‌رزنجان له‌لایه‌ن ئاكپارتییه‌وه به‌ده‌ستهێنران.
- رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی مه‌هه‌په و هه‌ده‌په دابه‌زین
مه‌هه‌په له هه‌ڵبژاردنی 7ی حوزه‌یراندا رێژه‌ی سه‌دا 16،29ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بۆ 11،95 دایبه‌زاند. به‌و پێیه ژماره‌ی كورسیه‌كانی بۆ 41 كورسی دابه‌زاند و له 38 بازنه‌ی ده‌نگداندا 39 كورسی له‌ده‌ستدا. 36 له‌و كورسییانه‌ی مه‌هه‌په له‌ده‌ستیدان بۆ ئاكپارتی گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
هه‌ده‌په‌ش رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی له سه‌دا 13.12ه‌وه بۆ 10،67 دابه‌زاند و كورسییه‌كانی له 80وه بۆ 59 كه‌مبوونه‌وه. به‌وپێیه هه‌ده‌په 21 كورسی له‌ده‌ستدا و 18 له‌و كورسییانه‌ی بۆ ئاكپارتی گه‌ڕایه‌وه. له‌به‌رانبه‌ردا هه‌ده‌په كه‌وته پێش مه‌هه‌په و له‌په‌رله‌مانی توركیادا پێگه‌ی سێیه‌م پارتی توركیای به‌ده‌ستهێنا.