سلێمانی
سێ ڕۆژە دانیشتوانی ھەڵەبجە لە خۆشی بە پارێزگا بوونی شارەکەیان، بەردوام ئاھەنگ دەگێڕن.
رۆژی سێ شەممە ٣١ی کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری بەپارێزگاکردنی ھەڵەبجەی پەسەندکرد.
ئەگەر بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە پەرلەمان پەسەند بکرێ ئەوا ھەڵەبجە دەبێتە نۆزدەھەمین پارێزگای عێراق و چوارەمی ھەرێمی کوردستان.
بڕیارەکە خۆشحاڵی لای دانیشتوان و کاربەدەستانی شارەکە و لایەنە سیاسییەکان دروستکرد.
گۆران ئەدھەم قایمقامی ھەڵەبجە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاریی بۆ بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە دەکرێ، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لیژنەیەکی تایبەت پێکھات و لەماوەی سێ مانگدا کارەکانی خۆیان ئەنجامدا. دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، نەخشەو سنووری ئیداریی پارێزگاکە دیاری کراوە."
گۆران ئەدھەم رایگەیاند: ئامادەکارییان کردووە لە دروستکردنی باڵەخانەو تەلاری پێویستدا، ساڵی ڕابردوو ١٧٠ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی شارەکە تەرخان کراوە، بۆ ساڵی ٢٠١٤ یش نزیکەی ٣٣٠ پڕۆژەیان پێشکەشکردووە.
قایمقامی ھەڵەبجە دەڵێ"ھەموو بنەمایەک بۆ بەپارێزگا بوونی ھەڵەبجە لەڕووی ئابووریی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و بوارەکانی دیکەوە ھەیە و ھیچ بەربەستێکی یاسایی و ئیداریی نەماوەتەوە بۆ بە پارێزگابوونی شارەکە."
لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێ بە پەسەندکردنی ئەم پرۆژە یاسایە،کەسوکاری شەھیدان و بریندارانی کیمیاباران و دانیشتوانی شارەکە ھەست بە ئاسودەیی دەکەن.
لوقمان گوتی" بەئومێدێکی گەورەوە دەڕوانینە پەسەندکردنی بە پارێزگا بوونی ھەڵەبجە. داوا لەسەرجەم پەرلەمانتاران دەکەین ھەوڵەکانی خۆیان بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکە لە پەرلەمانی عێراق بخەنە گەڕ."
لەدوای بڕیارەکەی ئەننجومەنی وەزیرانی عێراق لایەنە جیاکان پیرۆزبایی خۆیان لەدانیشتوانی شارەکە کردو داوای پەلەکردن لەپەسەندکردنی پڕۆژەکەش لەپەرلەمان دەکەن.
مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەپەیامێکدا بۆ دانیشتوانی شارەکە نوسیویەتی "خۆشحاڵم کە لە کۆتاییدا ئەو بەڵێنەی بە ئێوەم دابوو ھاتەدی. لە ماوەی ڕابردوودا ھەوڵی زۆرمان دا بۆ ئەوەی بەزووترین کات ڕێوشوێنە یاساییەکانی تەواو بکرێ. ئەگەرچی وەدیھاتنی ئەم دەستکەوتە گرینگە بۆ شاری ھەڵەبجەی شەھید ماوەیەکی زۆری پێ چوو."
ھەروەھا مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بەھەمان بۆنەوە داوا لە حکومەتی ھەرێم دەکا لە پڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٤، بودجەی پارێزگاکە دەست نیشان بکرێ.
ساڵی ١٩٩٩ پەرلەمانی کوردستان، بڕیاری بە پارێزگاکردنی ھەڵەبجەی دەرکرد. بەپێی دەستووری ھەمیشەیی عێراقیش ھەر یاسایەک پەرلەمانی کوردستان بەر لە ڕووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ پەسەندی کردبێ، ددان پێدانراوە.
شاری ھەڵەبجە، کەوتۆتە ٨٣ کیلۆمەتر لە باشووری رۆژھەڵاتی شاری سلێمانی. رووبەری خاکەکی ١٥٩٩ کیلۆمەتر دووجایە، زیاتر ٩% ی رووبەری پارێزگای سلێمانی پێکدەھێنێ.
ئەوکاتەی ھەڵەبجە دەبێتە پارێزگا، ھەر یەکە لە قەزاکانی سەیدسادق، پێنجوێن، شارەزوور دەخرێنە سەر ئەو پارێزگایە و بەوەش رووبەرەکەی دەبێتە ٣٠٦٠ کیلۆمتر دووجا، ھەروەھا ژمارەی دانیشتوانیشی دەبنە زیاتر لە ٣٧٧ ھەزار کەس.
ھەڵەبجە بەدێژایی ٧٩ کیلۆمەتر، ھاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران. ساڵی ١٨٨٩ بووە بە قەزا بەپێی ئەو بەروارەش بێ پاش نەجەف ھەڵەبجە کۆنترین قەزایە لە عێراق.