Sangar Hamad Azeez
23 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2015
سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باراک ئۆباما ٦١٢ ملیار دۆلاری بۆ پرۆژەی سیاسەتی بەرگری تەرخان کرد.
پرۆژەکەش لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێس بەزۆرینەی دەنگ قبووڵ کرا.
لەم بارەیەوە ئۆباما روونکردنەوەیەکی بۆ رۆژنامەنووسان دا و رایگەیاند: "یەکێک لەو بەرپرسیارەتییە گەورانەی دەکەوێتە سەری وەک سەرکۆمار و سەرکردەی گشتی، پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانی ئەمریکایە بۆیە دەبێت بوودجەی پێویست بۆ سوپای ئەمریکا خەرج بکرێت".
لە روونکردنەوەکەدا سەرەڕای ئەوەی تیشک دەخاتە سەر چاوپێخشاندنەوەی سیستەمی خانەنشینی تاکە کەسی سەربازی و بەهێزکردنی سایبەر لە رووی ئەمنیەوە دەشڵێت: "هێشتا چەند بوارێک ماوە کە کاری لەسەر نەکراوە و بە لاوازی ماوەتەوە".
لە پرۆژەکە باس لە کۆمەڵێک چاکسازی و ریفۆرم دەکات کە لە پینتاگۆنی ئەنجام دەدرێت و هەروەها باس لە هۆکاری ئەو بەربەستانە دەکات کە بووەتە هۆی دانەخستنی زیندانی گوانتانامۆ کە دوای پەلامارەکەی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ کرایەوە.
سەرکۆمار ئۆباما گوتی: "پرۆژەکە دەنێرمەوە کۆنگرێس، پەیامی من بۆ کۆنگرێس زۆر روون و ئاشکرایە، با بە رێکی کارەکە بکەین، لە نیوەی گفتوگۆکانین سەبارەت بە بوودجە، بەقەد گرنگی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوودجەیەکی جێگیر و گونجاویش پێویستە، بۆ ئەوەی بوودجەی سوپا بەشی ماوەیەکی زۆر بکات پێویستمان بە ژمارەیەک چاکسازی دەبێت، دوای تەواوکردنی ئەو پاشماوانەی لە گوانتانامۆ ماونەتەوە دڵنیا دەبین لە ئاسایشی هاووڵاتییان، هاوکات دەبێتە هۆی پێشگرتن لە بەهێزکردنی تیرۆریستان".
بەمەبەستی دووبارە چاوپێخشاندنەوەی کۆنگرێس بۆ پرۆژەکە، پێویستە سێ یەکی ئەندامانی کۆنگرێس دەنگی لەسەر بدەن.