واشنتۆن
سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما لە دوای دیداری لەگەڵ ئەمیری قەتەر شێخ تەمیم بن حەمد ئال سانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا گوتی: "قەتەر لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش هاوپەیمانێكی زۆر بەهێزە و هەردوو لا سوورین لەسەر شكستهێنان بە تیرۆریستانی داعش و ئەمریكا و قەتەر هەوڵ بۆ دابین كردنی كەشوهەوایەكی ئارام بۆ پێكەوە ژیانی شیعە، سوننە، كورد و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی عێراق دەدەین".
ئۆباما لەبەشێكی دیكەی قسەكانی دا باسی رەوشی سووریای كرد و گوتی: "ئێمە زۆر نیگەرانی رەوشی سووریان، بەردەوام دەبین لە هاوكاری كردنی ئۆپۆزسیۆنی میانەڕۆی ئەو وڵاتە و تا ئەو كاتەی بەشار ئەسەد كە مەشرووعیەتی خۆی لەدەست داوە لەسەر كار لانەدرێت ئەوا ئاشتی و ئارامی بەرقەرار نابێت، چۆنێتی گەیشتن بەو خاڵە سەرچاوەی هەموو ئاستەنگی و زەحمەتییەكانە و لەگەڵ ئال سانی بیروڕامان لەسەر چۆنێتی گەیشتن بەو خاڵە ئاڵوگۆڕ كرد".
ئۆباما گوتی: "لە كۆبوونەوەكەدا باسی رەوش و پێشهاتەكانی لیبیا و یەمەنیشمان كرد و بۆ چارەسەر كردنی سیاسییانەی كێشەكان چەندە بتوانین زیاتر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا پێكەوە كار بكەین ئەوا ئەوەندە دەتوانین رێگری لە ئاژاوە و ناكۆكییە ئاینییەكان بگرین و دەتوانین لایەنە توندڕەوەكان پەراوێز بخەین و گۆشەگیریان بكەین".
ئۆباما لە بەردەوامی قسەكانی دا جەختی لەوە كردەوە كە لە دیدارەكەدا باس لە دانووستانەكانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیش كراوە و لە بارەی دوایین پێشهاتەكانی دانووستانی لەگەڵ ئێران زانیاریم پێشكەشی ئال سانی كرد و ئاماژەم بەوە كردووە كە ئامانجمان ئەوەیە دڵنیا بینەوە كە ئامانجی ئێران ئەوە نییە كە ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی و هەروەها ئەگەر بێتۆ ئێران بەردەوام بێت لەسەر هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو هێزانەی كە هەوڵ بۆ نانەوەی نائارامی و ئاژاوە دەدەن ئەوا ئێمەیش بەردەوام دەبین لەسەر گوشار خستنە سەر تاران.
ئۆباما گوتی: "ئەمریكا هەوڵ بۆ ئەوە دەدات كە هەموو ئەو گرفتانە لە رێگای دیپلۆماسییەوە چارەسەر بكات و دۆحەیش لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ ئەمریكا هاوڕایە".
ئەمیری قەتەریش گوتی: "هەمووان لە بەرامبەر رەوشی ناوچەكە نیگەرانین و لە بەرامبەر هەبوونی گرووپە تیرۆریستییەكان نیگەرانین و شەڕی هاوبەشی هەموومان لە دژی ئەو هۆكارانەی كە دەرفەت بۆ تیرۆر دەڕەخسێنن زۆر گرنگە".
ئەمیری قەتەر باسی رەوشی فەڵەستینیشی كرد و گوتی: "پرسی فەڵەستین یەك لە پرسە گرنگەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆیە پێویستە چارەسەرییەكی بۆ بدۆزینەوە و زۆر خۆشحاڵ بووم بەوەی كە لە ئۆبامایەوە بیستم كە ئەمریكا پابەندە بە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتییانە بۆ پرسی فەڵەستین".