دیاربه‌كر
له چوارچێوه‌ی كه‌مپینی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا، كاندیدی هاوبه‌شی جه‌هه‌په و مه‌هه‌په بۆ پۆستی سه‌ركۆماری توركیا ئهكمهلهدددین ئیحسانئۆغڵو، سه‌ردانی شاری دیاربه‌كری كرد و له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ڕێكخراوه كۆمه‌ڵگه‌ی مهدهنییەكان كۆبووه‌وه.
له میانه‌ی گوتارێكیدا كه له كۆبوونه‌وه‌كه پیشكه‌شی كرد، ئیحسانئۆغڵو ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنایه‌وه كه ئه‌وه بۆ یه‌كه‌مجاره له توركیا سهركۆمار له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێ و گوتی: "دیاریكردنی به‌رواری به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كه وەك 10ی مانگی ئاب، بۆ ھەر سێ كاندید ماوه‌یه‌كی كه‌مه."
هاوكات باسیشی له‌وه كرد كه توركیا پێویستی به كه‌سێك نییه له لوتكه‌ی ده‌وڵه‌تدا كێشه بنێته‌وه، به‌ڵكو پێویستی به كه‌سێكه كێشه چاره‌سه‌ر بكات.
كاندیدی سەركۆمار هه‌روه‌ها گوتی: "به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه هه‌زاران ساڵه تورك و كورد پێكه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م خاكه ژیاون. ئێمه‌ش بووینه‌ته هه‌وێنی ئه‌و پێكه‌وه ژیانه. چونكه فیكر، تێگه‌یشتنمان له دونیا، فۆلكلۆ، خواردن و خواردنه‌وه‌مان هه‌مووی هاوبه‌شه. وه‌ك گۆشت و نینۆك وان له‌یه‌كتری جیانابنه‌وه."
دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه، ئیحسانئۆغڵو وه‌ڵامی ئه‌و پرسیار و ڕه‌خنانه‌ی دایه‌وه كه ئاڕاسته‌ی كران و گوتی: "له هه‌ندێ بابه‌تدا لێك تێنه‌گه‌یشتن هه‌بووه. هه‌ڵوێست و بیروبۆچوونم سه‌باره‌ت به زمانی دایك ڕوون و ئاشكرایه، له هه‌ر شوێنێك مرۆڤ به زمانی دایكی بدوێ، ئه‌وا ئه‌و شوێنه نیشتمانێتی."
ئیحسانئۆغڵو له‌به‌رده‌وامی وهڵامدانهوهكانیدا گوتی: "من له‌باره‌ی زمانی دایكه‌وه شتێكی زۆر گرنگم گوت، به‌ڵام له كه‌ستانه‌وه ئه‌وه‌م نه‌بیست. كه‌واته به كه‌موكوڕی و هه‌ڵه پێتان ده‌گات. له یه‌كه‌م پرسیاردا گوتم زمانی دایك بۆ مرۆڤ وه‌ك شیری دایكی پیرۆزه، هیچ مافێكی مرۆڤ به‌هێنده‌ی مافی قسه‌كردن به زمانی دایك مافێكی سروشتی نییه. من كه‌سێكم زۆر باش نرخی ئه‌وه ده‌زانم. چونكه له غه‌ریبیدا له دایكبووم. ئه‌و شوێنه‌ی به زمانی دایك قسه‌ی تێدا ده‌كه‌م نیشتمانی منه. من به درێژی باسم له‌وه كرد. چۆن شیری دایك مافێكی رەوایی مرۆڤه، زمانی دایكیش به‌و شێوه‌یه مافێكی ره‌وایه. من كه‌سێكم چێژی ئه‌و مافه ده‌زانم. ناتوانم بیر له‌و تراژیدیایه بكه‌مه‌وه كه كه‌سێك له نیشتمانی خۆی له دایك بێت و نه‌توانێت به زمانی دایكی قسه بكات. مرۆڤ ناتوانێت ئه‌و ئازاره بهێنێته پیش چاو كه چه‌نده گه‌وره‌یه. واتا مرۆڤ له نیشتمانی خۆی له دایك ده‌بێت، به‌ڵام ناتوانێت به زمانی دیكی قسه بكات. ئه‌وه تراژیدیایه. ئه‌وه پیشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤه. واتا زمانی دایكی ئێوه ده‌بێته كوردی، ئه‌رمه‌نی، ئینگلیزی به‌ڵام ناتوانن قسه‌ی پێ بكه‌ن. شتێكی له‌و شێوه‌یه نابێت. قه‌ده‌غه كردنی زمانی دایك تاوانه."
وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر لێدوانێكی ئیحسان ئۆغڵو، كه گوتبووی كوردی زمانی زانست نییه، شهیخموس دیكێن، كه نوسه‌رێكی خه‌ڵكی شاری دیاربه‌كره نانی ته‌نووری كوردی پێشكه‌ش به ئیحسان ئۆغڵو كرد.