جنێڤ
سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوەی ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی پێشێلكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی (هەڵدێری خۆڕاگری) بۆ سەر کەرتی غەززە لەتەمووزی 2014 ماری ماكجاون دێڤیس لەمیانی ٢٩مین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ سەر نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە شاری جنێڤ بەڕێوەچوو راپۆرتی خۆی دەربارەی پێشێلكارییەكانی شەڕ و پێكدادانەكان پێشكەش كرد و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار كرد كە رێگری لە لیژنەكەیان دەكات و هاریكاریان ناكات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە كە راپۆرتەكەی لەرێگەی تەكنەلۆجیاوە ئامادە كردووە و زۆرێك لە شایەتحاڵەكان لە عەممان و جنێڤ چاوپێككەوتنیان لەگەڵ كراوە و ئاشكراشی كرد كە لەهەندێك كاتدا داوایان لە حكوومەتی ئیسرائیل كردووە بۆ گەیشتن بە شایەتحاڵەكان بەڵام هاوكاریان نەكراوە .
لە راپۆرتەكەدا كە تایبەتە بە شەڕ و پێكدادانەكانی ساڵی ٢٠١٤ لە كەرتی غەززە، باس لە چەندین پێشێلكاری سوپای ئیسرائیل دەكات كە لە غەززە ئەنجامی داوە و ئاماژە بەوە كراوە كە ئیسرائیل لە نیوە شەودا هێرشی كردبووە سەر ئەو كەسانەی بەنیازی رۆژووگرتن كۆبوونە و تیایدا هاتووە "سوپای ئیسرائیل بۆتە هۆی كوشتنی ٥٥١ منداڵ.
راپۆرتەکە ئەوەشی باس کردووە کە زۆربەی هێرشەكان بۆ سەر کەرتی غەززە لەلایەن بەرپرسانی باڵای حكوومەتی ئ رەزامەندی لەسەر دراوە.
دێڤیس لەراپۆرتەكەیدا باس لەوەش دەكات كە گرووپەكانی چەكداری فەڵەستین لەمیانی هێرشەكانیان بۆسەر ئیسرائیل بەرۆكێت، كەسانی سیڤیلیان كردۆتە ئامانج و ئاشكرای كردووە كە هەڵكەندنی تونێلەكانی نێوان غەززە و ئیسرائیل، بۆتە هۆكاری بڵاو بوونەوەی ترسوتۆقین لەناو كەسانی مەدەنیدا.