تاران
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران مەرزییە ئەفخەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێران لە بەرامبەر دەركردنی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ سەركۆماری پێشووی میسر محەمەد مورسی و 122 كەسی دیكە نیگەرانە".
مەرزییە ئەفخەم لە وەڵامی پرسیارێكی ئانادۆڵودا گوتی: "ئێمە بڕوامان وایە كە كێشە و گرفتەكانی تایبەت بە ئامانجەكانی بەرزی شۆڕشی خەڵكی میسر، لە رێگای دیالۆگێكی ئاشتییانەی سیاسی و لە نێوان پێكهاتەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە سەر بنەمای دیالۆگێكی نیشتمانی و سازانی نیشتمانیدا چارەسەر دەكرێن".
ئەفخەم لە بارەی داسەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ محەمەد مورسی و ژمارەیەكی دیكە لە ئەندامانی ئیخوان گوتی: "ئێمە لە بەرامبەر ئەو بڕیارەدا زۆر نیگەرانین و ئۆمیدوارین میسر كە خاوەن شارستانیەتێكی دێرینە بۆ ئەوەی بگاتە سازانێك رێگای ئاشتی و دیالۆگ هەڵبژێرێت. توندوتیژی و لە ناوبردن بۆ چارەسەر كردنی هیچ پرسێك نابنە بژاردەیەكی باش و دەركردنی بڕیاری لەو چەشنە كاریگەری خراپی لەسەر پێگە و كاریزمای میسر دەبێت و ئاواتە خوازین میسر خۆی لە پەیڕەو كردنی ستراتیجیەتێكی بەو جۆرە بەدوور بگرێت".
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا كە ئایا ئێران ئیدانەی ئەو بڕیارە دەكات یا نا؟ ئەفخەم گوتی: "ئێمە لە بەرامبەر ئەو بڕیارەدا نیگەرانین و توندوتیژی و لە ناوبردن بە هیچ شێوەیەك نابنە چارەسەر و ئێمە ئاواتەخوازین حكوومەتی میسر بۆ ئەوەی گرووپ و پێكهاتەكانی سیاسی بگەنە سازانێكی نیشتمانی هاوكار بێت".