Safiye Karabacak
15 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2019
قودس - AA
ئەگەرى ئەوە هەيە بەر لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەكانى ئيسرائيل لە مانگى ئاداری داهاتوودا، پلانى "رێككەوتنى سەدە" كە ئيدارەى سەرۆكى ئەمريكا، دۆناڵد ترەمپ بە ئامانجى "دۆزينەوەى چارەسەر" بۆ كێشەى فەڵەستين - ئيسرائيل ئامادەيكردبوو، رابگەيندرێت.
رۆژنامەى خايومى ئيسرائيلى نزيك لە پارتى ليكودى سەر بە سەرۆكوەزيرانى ئيسرائيل، بێنيامين ناتانياهو، نووسيويەتى، بە هۆى ئەوەى ئيدارەى ئەمريكا دەزانێت لە سێيەم هەڵبژاردنى ئيسرائيليش ناتانياهو يان سەرۆكى هاوپەيمانى شين-سپى بێننى گانتز ئەنجامێكى يەكلاكەرەوە بەدەستناهێنن، بير لەوە دەكاتەوە كە حكوومەت پێكنەهێنرێت.
هەواڵى رۆژنامەكە، ئاماژەى بەوە كردووە كە بەهۆى نزيكبوونەوەى هەڵبژاردنەكانى ئەمريكا لە مانگى تشرينى دووەمى ساڵى٢٠٢٠دا ئيدارەى ترەمپ، چاوەڕوانى پێكهێنانى حكوومەتى نوێى ئيسرائيل ناكات و پەلە دەكات لە ئاشكراكردنى پلانى "رێككەوتنى سەدە".
ئەو پلانەى كە جارد كۆشنەرى زاواى ترەمپ ئامادەيكردووە، زياتر لە جارێك دواخراوە، جارێك بە هۆى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى ئيسرائيل لە مانگى كانوونى يەكەمى ساڵى ٢٠١٨دا و جارێكى ديكە لە مانگى نيسانى ساڵى ٢٠١٩دا بە هۆى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت.
سەرۆكى ئەمريكا، دۆناڵد ترەمپ، هەفتەى رابردوو لە گوتارێكيدا لە ئەنجوومەنى ئيسرائيل- ئەمريكا، رايگەياند كە ئومێدى كەمبووەتەوە لە بابەتى بنيادنانى ئاشتى لە نێوان فەڵەستين و ئيسرائيلدا. هەروەها سەبارەت بەو پياوەى كە بۆ ئەم ئەركەى راسپاردووە گوتى: "ئەم كارە ئەگەر كۆشنەر نەيكات كەس پێى ناكرێت".
- پلانى "رێككەوتنى سەدە"
هەرچەندە وردەكارى پلانى "رێككەوتنى سەدە" كە سەرۆكى ئەمريكا، دۆناڵد ترەمپ بە مەبەستى "دۆزينەوەى چارەسەر" بۆ دۆخى ئيسرائيل-فەلەستين ديارنەبێت بەڵام چەند زانيارييەك لە ميدياكاندا بڵاوكراوەتەوە.
بە گوێرەى هەواڵەكان، رێككەوتنەكە چەند ماددەيەكى لە دژى فەڵەستين تیادايە لەوانە پێدانى تەواوى قودس بە ئيسرائيل و بەردەوامبوونى نيشتەجێبوونى ناياسايى جولەكەكان لە كەنارى رۆژئاوا.
لە پلانەكەدا، بە هيچ شێوەيەك باسى گەڕانەوەى شەش مليۆن پەنابەرى فەڵەستينى نەكراوە.
لە لاى خۆيەوە سەرۆكى فەڵەستين، مەحمود عەباس كە پلانەكەى بە "رێككەوتنى قامچى لێدان" ناوبرد، گوتى لە چەند سوودێكى دارايى زياتر هيچ شتێكى بۆ خەڵكى فەڵەستين تیادانييە.