Heman Hussein Yaseen
26 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2024
هەولێر- AA
لە ئەمڕۆوە، ٢٥ی ئەیلوول، بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بانگەشەی پارت و لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق کە بڕیارە ٢٠ تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت، دەستی پێکرد.
هەر لە یەکەم ساتەوە، پۆستەر و لافیتەی کاندیدەکان لە سەرانسەری هەولێر لەسەر شەقام و کۆڵانەکان هەڵواسران.
ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ئەنجام بدرێت کە تیایدا ھەزار و ١٩١ کەس کێبڕکێ لەسەر بەدەستھێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمان دەکەن.
هاوکات پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕێنمایی و ڕێکاری تایبەت بە شێوازی بانگەشەیان دەرکردووە.
بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق دوو ملیۆن و ٨٩٩ ھەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە کە دوو ملیۆن و ٦٨٣ ھەزار و ٦١٨ ـیان دەنگدەری گشتی و ٢١٥ ھەزار و ٩٦٠ـیان دەنگدەری تایبەتن.
بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە ھەزار و ٤٣١ بنکەی دەنگدان ھەیە کە ١٦٥ بنکەیان بۆ دەنگدانی تایبەت و ھەزار و ٢٦٦ بنکەیان بۆ دەنگدانی گشتیین.