ھەولێر
رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) دوێنێ شەو(٢٨ی ئەیلول) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا بۆچوونی بزووتنەوەکەی راگەیاند لەمەڕ ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە بارەگایی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی لەشاری ھەولێر گوتی " لەڕێی نوێنەرو چاودێرانی خۆمان، زانیمان ٣٥ بۆ ٤٠ ھەزار دەنگمان مسۆگەر کردووە، کەچی بەداخەوە ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن دەڵێ دەنگی بزووتنەوەی ئیسلامی ٢٠ ھەزارە، ئێمە ناڕەزایی دەردەبڕین و ھەموو رێکارێکی یاسایی دەگرینەبەر".
رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی نەیشاردەوە گۆمانیان ھەیە ئەنجامی دەنگەکان دەستکاریی کراون ئەوەشی بەھەوڵێک ناوبرد بەرامبەر حیزبەکەیان گیراوەتەبەر.
ئیوارەی رۆژی شەممە (٢٨ی ئەیلول) کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن ئەنجامی ٩٥%ی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ئاشکراکرد، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، ٢٠ ھەزار و ٧٩٥ دەنگی بەدەستھێناوە.
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز گوتی "بزووتنەوەی ئیسلامی خۆی بەراورد بەحزبەکانی دیکە ناکات، ھەموومان دەزانین ٣٠٠ ھەزار دەنگی ئیسلامی ھەیە رێکخستنی ئێمەش بەراورد بە رێکخستنی حزبەکانی دیکە بەھێز نییە، بەڵام خاوەن نفوزی خۆمانین".
سەبارەت بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی گوتی "شەش مانگ پێش ئێستا رامانگەیاند ئەگەر بەشداریکردنی لەم کابینەیەش وەک کابینەی شەش و حەوت بێت ئەوا بەشداری ناکەین".
بزووتنەوەی ئیسلامی لە ١٣/٥/١٩٨٧ دامەزراوە، لە ھەڵبژاردنی ٢٥/٧/٢٠٠٩ توانی دوو کورسی لە پەرلەمانی کوردستان بەدەست بێنێ و بەوەزارەتێک بەشداریی کرد لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان.