Heman Hussein Yaseen
17 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2020
ههولێر - AA
تیمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تیاییدا ئاماژە بەوە دەکات بەشداریکردنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە کابینەی نۆیەمینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێکەوتنێکی سیاسی بوو، لەسەر بنەمای ھاوبەشی لە بڕیار و بەڕێوەبردن و لە پێناو سەقامگیری سیاسی و ھەڵگرتنی بەرپرسیاریێتی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
لە پەیامەکەدا سەرەتام تیمەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رادەگەیەنێت کە ''ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و تێڕامان پەیامەکەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانە، کە تیایدا ھێرشێکی ناڕەوای کردووەتە سەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان''.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ھاتووە: ''یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان تاقم و دەستە نیە. حزبێکی تێکۆشەری خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و ئایندەیەکی گەشە. تیمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، نوێنەرایەتی دید و ستراتیژ و تێڕوانینە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات، لەو بارەیەوە یەکێتی ھاوبەشی ھەموو دەستکەوتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان حزبێکی کوردستانی سەرتاسەریە و دژی دوو ئیدارەییە و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیمان لە کابینەی رابردوو و ئێستاشدا سەلمێنەری ئەو راستییەیە''.
ئاماژە بەوەشکراوە کە، تیمی یەکێتی لە حکوومەت لەسەر بنەمای دەوڵەتداری ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکات لە پێناو خزمەتکردنی ھاووڵاتییاندا، بەڵام بە شانازییشەوە نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەین و لە چوارچێوەی بەرنامەی پەسەندکراوی حکوومەت لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە کار دەکەین. بۆیە لەم بارودۆخە ناھەموارەدا، پێویستە حکوومەت و دامەزراوە فەرمییەکانی تەرخان بکرێن بۆ خزمەتی ھاونیشتمانییانی ھەرێمی کوردستان، نەک ببن بە بەشێک لە کێشە سیاسییەکان''.
لە کۆتایی پەیامەکەشدا ھاتووە: ''لەم بارەیەوە تیمەکەمان نامەیەکی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە''.