به‌غدا
فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌غدا فه‌ریق عه‌بدولئه‌میر شمه‌ری، فەرماندەی ئەو سەربازگەی كه ده‌كه‌وێته نزیك ناوچه‌ی سه‌وز و به‌رپرسه له ته‌واوی یهكهکانی تەناهی به‌غدا. ناوبراو رۆژانە راپۆڕتی خۆی ئاراستەی هه‌ریه‌ك له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، وه‌زیری ناوخۆ محه‌مه‌د سه‌لیم ئهلگابان، راوێژكاریی ئاسایشی میللی فالح ئه‌ل فه‌یاز و وه‌زیری به‌رگری خالید ئه‌لعوبه‌یدی.
شمه‌ری بۆ ئانادۆڵو ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایش بۆ شاره‌كه ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن 7 رۆژی هه‌فته 24 سه‌عات كار ده‌كه‌ین. فه‌رمانده‌كان هه‌موو هه‌شت سه‌عات جارێك نۆبه‌ت ده‌گرن. خۆم ماوه‌ی ساڵێك و شه‌ش مانگه ده‌ستم به‌كار كردووه. له‌م ماوه‌یه‌شدا بیرم نایه‌ت یه‌ك رۆژ مۆڵه‌تم وه‌رگرتبێت. هه‌روه‌ها له‌وه‌ته‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش سه‌ری هه‌ڵداوه، له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا زۆر تایبه‌تمه‌ندی گۆڕاون".
شه‌مه‌ڕی باسی له‌وه كرد، له ئه‌نجامی هه‌وڵ و تێكۆشانه‌كانیان له سه‌دا سه‌د كۆنترۆڵی به‌غدا و ده‌ورووبه‌ریان كردووه و گوتی: "سه‌ره‌تا داعش له به‌غدا نزیك ببووه‌وه به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و ڕێوشوێنه ئه‌منیانه‌ی گیرانه‌به‌ر، دوورخرانەوە".
شمه‌ری ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه داعش تا راده‌یه‌ك پاشه‌كشه‌ی كردووه و گوتی: "له‌نێوخۆی وڵات‌دا چه‌ندین شانه‌ی نووستوو هه‌ن كه پاڵپشتی رێكخراوی تیرۆریستی داعش ده‌كه‌ن به‌ڵام لاوازمان كردوون. له‌به‌رئه‌وه داعش زیاتر له ده‌ورووبه‌ری به‌غدا بوونیان هه‌یه. له‌نێو شاره‌كه‌ش شانه‌ی رێکخستنی نهێنی هه‌یه. له ناوچه‌ی وه‌ك غهرمهی ده‌ورووبه‌ری به‌غدا كه ده‌كه‌وێته رۆژهه‌ڵاتی باشووری به‌غداد و له نزیك فه‌لوجه‌یه، ماده‌ی ته‌قینه‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنن. له غهرمه، پیش ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه بكه‌وێته ده‌ست داعش، حكوومه‌ت هیچ كرده‌یه‌كی سه‌ربازی تێدا ئه‌نجام نه‌ده‌دا. له‌به‌رئه‌وه به‌ئاسانی كه‌وته‌ده‌ست رێكخراوی تیرۆریستی داعش".
فه‌رمانده‌ی هێزی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌غدا باسی له‌وه كرد، كه "له سه‌ره‌تای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشدا رووداوی رفاندن رووی له زیادبوون كردبوو، چونكه دوای ئه‌وه‌ی بانگه‌وازی جیهاد كرا له وڵات‌دا، هاووڵاتییان جلی سه‌ربازییان پۆشی و به‌شداری جه‌نگه‌كه‌یان كرد به‌ڵام هه‌ندێ چه‌ته بارودۆخه‌كه‌یان قۆسته‌وه و له به‌رامبه‌ر پاره‌دا ده‌ستیان كرد به رفاندنی خه‌ڵك. ئێمه‌ش وه‌ك هێزی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌غدا تیمی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كرده‌ی رفاندنمان پێكهێنا و 12 چه‌ته‌مان له‌ناو برد. به‌مه‌ش رووداوه‌كانی رفاندن زۆر كه‌می كرد، به‌شێوه‌یه‌ك له‌م ماوه‌یه‌دا هیچ رووداوێكی رفاندن نەبینراوە".
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا شمه‌ری ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كار ده‌كرێت بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی خاڵه‌كانی پشكنین له‌نێو به‌غداد و گوتی: "له ده‌روازه‌كانی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی شاری به‌غدا خاڵه‌كانی پشكنین زیاد ده‌كرێن. له‌نێو خۆی شاریش كه‌م ده‌كرێنه‌وه. هه‌روه‌ها له رووی كاری هه‌واڵگرییه‌وه هه‌نگاوی وردتر هه‌ڵده‌گیرێت".
هاوكات شمه‌ری باسی له هه‌وڵه‌كانی داعش كرد بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی به‌غدا و گوتی: "داعش، ئامانجی ئه‌وه‌یه عه‌قڵی سیاسی و رژێمی به‌غدا بڕووخێنێت. ئێمه وه‌ك هێزی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌غدا شه‌ڕێكی سه‌ختمان كرد بۆ راگرتنی پیشڕه‌وییه‌كانی داعش، ئێستاش به‌رده‌وامین. له به‌رامبه‌ر به‌غدا، هێڵێكی به‌رگری به‌هێزمان دروست كرد. داعش ده‌یان جار هه‌وڵی شكاندنی ئه‌و هێڵی به‌رگرییه‌ی دا. نزیكه‌ی ته‌واوی ناوچه‌كانی ده‌وری به‌غدا بوونه‌ته مۆڵگه‌ی گرووپه تیرۆریستییه‌كان. وه‌ك ناوچه‌كانی فه‌لوجه، ئه‌لتاجی و عامریه‌ت ئهلفهلوجه كه تیرۆریستان تیایاندا زۆر چالاكن".
شمه‌ری زانیاری له‌باره‌ی ئه‌وه‌شه‌وه خسته‌ڕوو، كه له‌نێو رێكخراوی تیرۆریستی داعشدا ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكی ئه‌فغانستان و چیچان هه‌ن، هه‌روه‌ها له وڵاتانی عه‌ره‌بی وه‌ك تونس، مه‌غریب، ئه‌رده‌ن، فه‌ڵه‌ستین، میسر و سووریاوه خه‌ڵكی دێنه عێراقه‌وه بۆ پاڵپشتی كردن له داعش".
ناوبراو لە درێژەدا گوتیشی: "داعش باوه‌ڕی به‌كوشتنی مسوڵمانان هه‌یه، وا ده‌زانن دوای كوشتنی مسوڵمانان ده‌چنه به‌هه‌شته‌وه. هه‌ندێ له وڵاتانی دراوسێمان كه به دیكتاتۆری به‌ڕێوه ده‌برێن پاڵپشتی له داعش ده‌كه‌ن. هه‌ر رێكخراویك ئه‌گه‌ر پاڵپشتی دارایی نه‌بێت ناتوانێت له به‌ره‌كاندا شه‌ڕ بكات. رێكخراوی تیرۆریستی داعش، هه‌رگیز رێكخراوێك نییه كه له یه‌ك ساتدا دروست بووبێت و گه‌وره بووبێت".
شمه‌ری، باسی له دوایین سه‌ردانی سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو كرد بۆ به‌غدا و گوتی: "له‌گه‌ڵ توركیادا په‌یوه‌ندی دێرینمان هه‌یه. پێویسته لێره‌وه هه‌نگاو بنێین و له هه‌موو بابه‌ته‌كاندا راوێژ بكه‌ین. وه‌ك ئه‌و توركانه‌ی له عێراق نیشته‌جێن، ژماره‌یه‌كی زۆریش عێراقی له توركیادا نیشته‌جێن. ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی به‌هێزی دراوسێیه‌تی كه له كۆنه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه له‌به‌رچاو بگرین، پێویسته هه‌لی پێكه‌وه‌ژیان تاوتوێ بكه‌ین".
شمه‌ری باسیشی له‌وه كرد، كه له‌كاتی جه‌نگی داعشدا وڵاتانی ئێران و ئه‌مریكا له‌و وڵاتانه بوون كه له رووی مادی، لۆجیستیکی و راهێنانه‌وه زۆرترین هاوكاری عێراقیان كردووه. ئه‌مریكا له رێگه‌ی هێرشی ئاسمانییه‌وه، ئێرانیش به لۆجستیکی و پڕچه‌ك كردنی هێزه‌کانی ئه‌منی هاوكاری عێراقیان كرد".
له‌باره‌ی ئه‌و بانگه‌شانه‌ی باس له بۆردومانی داعش ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن فڕۆكه‌کانی جه‌نگی ئێرانه‌وه له شارۆچكه‌كانی سه‌عدیه و جه‌له‌ولای سه‌ربه پارێزگای دیاله، شمه‌ری ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه هیچ زانیارییه‌كی له‌و باره‌یه‌وه نییه و گوتی: "داعش، هه‌موو عێراقی یه‌كخست. له‌و یه‌كانه‌ی من فه‌رمانده‌یی تێدا ده‌كه‌م، فه‌رمانده‌ی كوردیشی لێیه. پێش هه‌موو شتێك هه‌موومان عێراقین. ئه‌گه‌ر له‌نێوان لایه‌نه‌کانی سیاسی‌دا كێشه‌ی بچووك و بارگرژی دروست ببێت، ئه‌وە به‌و واتایه نایه‌ت كه له رووی سه‌ربازییه‌وه جیاكارییه‌كی قووڵ هه‌یه. وه‌ك عه‌ره‌ب و كورد به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیان".
شمه‌ری جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه هاوكارییه‌كانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ پێشمه‌رگه و له رووی چه‌ك و راهێنانه‌وه كاریگه‌ری ناكاته سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان و نابێته هۆی دروست بوونی قه‌یران. چونكه هاوكارییه‌كان خزمه‌ت به قازانجی هاوبه‌شی عێراق ده‌كه‌ن.
عه‌بدولئه‌میر ئه‌لشمه‌ری، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه ئه‌وان وه‌ك هێزی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌غدا له سه‌دا سه‌د ئاسایشی به‌غدادیان كۆنترۆڵ كردووه و گوتی: "سه‌ره‌ڕای بوونی لاوازییه‌كی كه‌م و بچووك شاره‌كه ته‌واو له ژێر كۆنترۆڵمان دایه".
شمه‌ری باسی له‌و گۆڕانكارییانه‌ش كرد، كه سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق عه‌بادی له نێو سوپادا ئه‌نجامی داوه و گوتی: "هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی نوێ، نه‌ك ته‌نیا له رووی سه‌ربازییه‌وه، به‌ڵكو له‌لایه‌ن ته‌واوی هاووڵاتییانی عێراقه‌وه به ئه‌رێنێ ده‌بینرێت. له‌گه‌ڵ هاتنی داعش ئێمه یه‌كمان گرت، ئه‌مه‌ش بۆ داهاتوومان كارێكی باشه".
شمه‌ری لە کۆتاییدا گوتی: "وڵاتانی دراوسێی وا هه‌یه نایه‌وێت له عێراق قۆناغی كاتی دیموكراسی هه‌بێت، هه‌ر چوار ساڵ جارێك هه‌ڵبژاردنێكی شه‌فاف به‌ڕێوه بچێت و عێراق به‌ڕووی ده‌ره‌وه‌دا بكرێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش ره‌نگه ناو به‌ناو دۆخی ناوخۆی وڵات به‌ره‌و مه‌ترسی به‌رێت".