هەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل نیگەرانی حکوومەتی هەرێمی لە بارەی رەوشی شنگال و جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی شارەکە دەربڕی.
جووتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە دوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامیدا، لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارییەتی حکوومەتی فیدڕالی عێراق بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە گوتی: "رێککەوتنی شنگال ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە جێبەجێی بکات. وەک حکوومەتی ھەرێم نیگەرانین لە جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگال و داوامان لە حکوومەتی ئیتیحادی کردووە دەسەڵاتی خۆی بەکار بھێنێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، چونکە ئیرادەی حکوومەتی فیدراڵ زاڵە بەسەر ئیرادەکانی دیکە لە شنگال".
جووتیار عادل ئاشکرای کرد کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێناو درووستکردنی فشار بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە داوایەکی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە و لەمبارەیەوە، گوتی: "داوامان لە نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، ھەموو ھەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە و بڕوامان وایە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە ئاسایش و ئارامی دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکە".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە گوتی، "وەک حکوومەت بەردەوام لە ھەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم ھەن. ئومێدەوارین حکوومەتی عێراق زیاتر جددی بێت لەسەر ئەو بابەتە".
رۆژی ١٠ی شوبات، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ساز درا، لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی رێکەوتننامەی شنگال، گوتی: "تا ئێستا رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە بەو شێوەیە کە پێشتر رێککەوتن بووە لەنێوان بەغدا و ھەولێر کە چۆن ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، جێبەجێ نەکراوە. ئەو لایەنانەی کە پێویست بوو ئەو شوێنانە بەجێبھێڵن، ھێشتا لەوێ ماون و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانەی کە لە کەمپەکاندا دەژین، تا ئێستا ئەنجام نەدراوە. کەواتە ئێمە بە جددی ھێشتا چاوەڕێین رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستا ئێمە بە داخەوە کاتێکی زۆرمان لەدەست چوو، بەڵام جێبەجێ نەکراوە".
رۆژی ٩ی تشرینی یەکەم، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.
ئامانجی رێککەوتنەکە، ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال، چوونە دەرەوەی ھێز و گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان، گەڕانەوەی ئاوارەکان، ھەڵبژاردنی ئیدارەیەکی نوێی بۆ قەزای شنگال و دامەزراندنی ھێزێکی خۆجێیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
تا ئێستا ھیچ کام لەو خاڵانەی لە رێککەوتنەکەدا واژوویان لەسەر کراوە، وەک ئەوەی ئاماژەیان پێکراوە، جێبەجێ نەکراون، ئەمەش نیگەرانی ھاووڵاتییانی ناوچەکە و ئاوارەکانی شنگالی لێکەوتووەتەوە.
حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:
١- تەوەری کارگێڕی:
- دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال کە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاک بێت و بە گوێرەی رێککارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت.
- لەلایەن لیژنەیەکی ھاوبەش کە لالەیان ھەردوولاوە پێکدەھێنرێت، دوای دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا دەخشێنرێتەوە کە لەو کارەدا رەچاوی بنەما پیشەیی و یاساییەکان دەکرێت.
٢- تەوەری ئەمنی:
- تەنھا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناو شارۆچکەکە لە ئەستۆ دەگرن و، ھەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور دەخرێنەوە.
- بەھێزکردنی ئاسایش لە شارۆچکەکەدا لە رێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشیی کە لەو ھێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ بەشداریپێکردنی ئاوارەی کەمپەکان لە خەڵکی شارۆچکەکە.
- کۆتاییھێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەریدا و نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەر بەون ھیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا ھەبێت.
٣- تەوەری ئاوەدانکردنەوە:
پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا و ئاست و وردەکارییەکانی ئەرکەکەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت.
٤- بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەوەی لە تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە، لیژنەیەکی مەیدانیی ھاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەردوولا پێکدەھێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا ھاتووە.
دوای گشتپرسی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا، و لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، شنگال لە پاڵ کۆمەڵێک ناوچەی جێناکۆکی نێوان ھەرێم و بەغدا، کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی نایاسایی و ھێزەکانی حەشدی شەعبی.
دانیشتووانی شنگال، کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بە ھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارە بوون، داوا دەکەن ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆڵبکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەمواری کەمپەکاندا دەژین.
بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە پاشکۆیەک دارێژراوە کە وردەکاریی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەخۆدەگرێت کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
١- ئەرک:
دیاریکردنی قایمقامی نوێ
لایەنی جێبەجێکار:
لیژنەی ھاوبەش
پارێزگاری نەینەوا
تێبینی:
بەپێی دەقە یاسایی و دەستوورییەکان
٢- ئەرک:
پێداچوونەوە بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکە لە شارۆچکەی شنگال
لایەنی جێبەجێکار:
لیژنەی ھاوبەش
پارێزگاری نەینەوا
قایمقام
تێبینی:
بەپێی دەقە یاسایی و دەستوورییەکان
٣- ئەرک:
بەرپرسیارێتیی ئاسایش لە ناو شارۆچکەی شنگال
لایەنی جێبەجێکار:
بەڕیوەبەرایەتیی پۆلیسی شنگال
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی
دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانی
بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان لە ھەرێمی کوردستان
٤- ئەرک:
دوورخستنەوەی ھەموو رێکخراوە چەکداری و گرووپە نایاساییەکان بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال
لایەنی جێبەجێکار:
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان
دەستەی حەشدی شەعبی
٥- دامەزراندنی دوو هەزار و ٥٠٠ کەس لە چوارچێوەی ھێزی ئاسایشی ناوخۆ لە شنگال بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
لایەنی جێبەجێکار:
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق
وەزارەتی ناوخۆی فیدڕالی
تێبینی:
هەزار کەس لە خەڵکی شنگال و ١٥٠٠ کەس لەو ئاوارانەی شارۆچکەکە کە لە کەمپەکاندان
٦- پێداچوونەوەی ئەمنی بە کاندیدانی دامەزراندنی بڕگەی ٥
لایەنی جێبەجێکار:
لیژنەی ھاوبەش
تێبینی:
نابێت ئەندامانی پەکەکە و رێکخراوەکانی بگرێتەوە
٧- کۆتاییھێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری و نابێت ئەو رێکخراوە و ئەوانەی سەر بەون ھیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا ھەبێت.
لایەنی جێبەجێکار:
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان
٨- ئەرک:
پێکھێنانی لیژنەیەکی مەیدانیی ھاوبەش بە مەبەستی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەوەی لە تەوەرەکانی کارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە
لایەنی جێبەجێکار:
لیژنەی ھاوبەش
تێبینی:
نوێنەرانی دەزگاکانی ئەمنی لە حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
٩- پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەی شنگال بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا
لایەنی جێبەجێکار:
نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
news_share_descriptionsubscription_contact

