هەولێر
لە یەكەم رۆژی كۆنگرەی بزووتنەوەی گۆڕاندا كە رۆژی 26ی كانوونی یەكەم دەستپێكرد، لێژنەكانی كۆنگرە بەسەر میدیا، فراكسیۆنەكان، ژوورەكان، بەرنامەی سیاسی گۆران و رێنماییەكان دابەشكران و خرانە بەر گفتوگۆ و دواتر رەشنووسێك بۆ كۆنگرە ئامادەكرا.
رۆژی هەینی 27ی كانوونی یەكەم لە بارەی دووم رۆژی كۆنگرەی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەندامی ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان داهێن هاشم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو رەشنوسەی لەیەكەم رۆژی كۆنگرە ئامادەكرا ئەمڕۆ هەینی دووەم رۆژی كۆنگرە گفتوگۆ لەسەر خاڵ بەخاڵی پرۆژەكان دەكرێ بۆ چوار ساڵی داهاتووی بزووتنەوەی گۆران و پاشان دەخرێتە دەنگدانەوە."
لەبارەی گرنگی كاری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ چوار ساڵی داهاتوو داهێن هاشم گوتی: "بزووتنەوەی گۆڕان قۆناغێكی تێپەڕاندوە، بەنیازە لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدار بێ، ئەمە پێویستی بەوەیە چۆنیەتی وتاری راگەیاندن و سیاسی و دەورووبەرمان دیاری بكەین، هەروەها دەبێ میكانیزمێك دیاری بكەین لەوەی كە تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن بوون، ئێستا دەچینە ناو دەسەڵاتەوە. پێویستە بەرچاو ڕوونی هەبێ. بزووتنەوەی گۆڕان بەپێچەوانەی پارتە سیاسی و حزبە كوردییەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرە هیچ هەڵبژاردنێك ئەنجام نادات، هەروەها سەرۆكیش لە كۆنگرەدا هەڵنابژێرێ و لەمبارەشەوە داهێن گوتی: "لە كۆنگرە خوولی سەرۆكایەتی بزووتنەوەی گۆڕان دیاری دەكرێ و ناوەكەشی وەك پێشتر رێكخەری گشتی دەبێ."
داهێن پێیوایە كۆنگرەی حزبەكەی بەراورد بە حزبەكانی دیكەی كوردستان ئەوەی جیایان دەكاتەوە ئەوەیە كە گۆڕان گفتوگۆی هەمە لایەنەو نیشتمانی لە زاخۆ تا خانەقین كردوە و گوتی: "لە كۆنگرە رەوشی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكرێ وەك پەیڕە و دەدرێتە سەركردایەتی بۆ ئەوەی لە چوار ساڵی داهاتوو كاری لەسەر بكا."
بزووتنەوەی گۆران بە سەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفا ساڵی 2009 دامەزرێنرا لە هەڵبژاردنی 25ی تەمموزی ئەو ساڵە یەكەم دەركەوتنی سیاسیی گۆڕان بووە خاوەنی 25 كورسیی پەرلەمانی. لە هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولی ئەمساڵیش 24 كورسی پەرلەمانی كوردستان بەدەستهێنا و بووە دووەم هێزی براوەی هەڵبژاردن.