هه‌ولێر-AA
له ١١ مانگی ئه‌مساڵدا داعش ٦٨٨ كرده‌وه‌ی خۆكوژی له عێراق ئه‌نجامداوه، به‌و پێیه عێراق زۆرترین كرده‌وه‌ی خۆكوژیی تێدا رووداوه.
-"خۆكوژه‌كان، به‌ڵێنی به‌هه‌شت و مه‌یلی حۆری"
خۆكوژه‌كان و كرده‌وه خۆكوژییه‌كان له‌و فاكته‌ره دیارانه‌یه كه دروشمی خه‌لافه‌ته "ئیسلامی"ییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به داعش"باقیه و تتمدد"یان تا ئه‌مڕۆ درێژه پێدا پاش پتر له دووساڵ و نیو له دامه‌زراندنی.
خۆكوژه‌كان كه له نه‌وه‌ی چواره‌می هه‌ڵگرانی بیروباوه‌ڕی سه‌له‌فییه‌تی جیهادی كه خۆی له داعش و گرووپه په‌راوێزه‌كانی ده‌بینێته‌وه، ئه‌مان كه له‌ناو كه‌تیبه‌ی "ئینغیماسییه‌كان"دان و ئه‌م كهتیبهیهش بۆ داعش واته دڵی و ئه‌و گۆچانه‌ی پێی ده‌ڕوات، تاكه ئامانجی ئه‌م چهكهش كه گورزی كوشنده ده‌وه‌شێنێت بریتییه له كوشتنی زۆرترین نه‌یار، ئه‌گه‌رچی ئه‌م كرده‌وانه له رووی مرۆییه‌وه به‌كاری ناڕه‌وا و له ئیسلامیشدا به"حه‌رام" له قه‌ڵه‌م ده‌درێت و به كرده‌وه‌ی خۆكوشتن هه‌ژمار ده‌كرێت.
كرده‌وه خۆكوژییه‌كان وه‌كو ئه‌وانه‌ی به ناڕه‌وای ده‌بینن وای ناو ده‌نێین و ئیستیشهادییهكان به‌لای ئه‌وانه‌ی ره‌وایه‌تی پێ ده‌ده‌ن بریتییه له به‌ڵینی به‌هه‌شت بۆ ئه‌نجامده‌ر و دۆزه‌خ بۆ كوژراو یان به ئامانج كرا‌و، به‌ڵام ئه‌مه ناكۆكیی زۆری له‌سه‌ره.
به‌پێی شاره‌زایانی كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونزانی و ئایینناسی سه‌رباری ششتنه‌وه‌ی مێشك و كرده‌وه‌كانی كاركردنی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ده‌روونی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئاماده‌ن خۆیان بته‌قێننه‌وه و ژیانی خۆیان هه‌ڕاج بكه‌ن به‌ناوی خوا و پاراستنی ئایینه‌كه‌ی و چاندنی رق و تۆڵه له ده‌روونییان، سێكس كاریگه‌ریی سه‌ره‌كیی هه‌یه له‌سه‌ر چه‌كه‌ره‌كردنی هۆشی خۆكوشتن و خۆ پارچه پارچه‌كردن له‌ناو خه‌ڵكانێكدا كه ئه‌و خۆكوژانه به"هه‌ڵگه‌ڕاوه له ئایین و ئیسلام"، "دژه خوا و ئایینه‌كه‌ی"، "عه‌لمانی و بێ دین"یان ده‌بینن و تۆمه‌تی دیكه‌یان ده‌ده‌نه پاڵ. واته له‌پاڵ خه‌ونی به‌هه‌شت و گه‌یشتن به خۆشییه‌كانی، پاڵنه‌رێكی سه‌ره‌كیی له پشته‌وه‌یه كه ئه‌ویش له كۆتاییدا بریتییه له گه‌یشتن به لیقای حۆرییه‌كان و هه‌ر ئه‌مانیش له پشته‌وه‌ی عه‌قڵییه‌تی خۆكوژهكانهوهن.
توێژه‌ر و نووسه‌ر له بواری ئیسلامی سیاسیی، به‌هه‌مه‌ن تاهیر له‌وباره‌یه‌وه له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس له‌م پرسه ده‌كات و روونی ده‌كاته‌وه: "ئه‌وه‌ی نكۆڵی لێ ناكرێت ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ناوی ئایینه‌وه ده‌ته‌قێننه‌وه سێكس پاڵنه‌رێكی سه‌ره‌كییه بۆ كاره‌كه‌یان جگه له هۆكاری دیكه، ئه‌مان به پله‌ی یه‌كه‌م بیرییان له‌لای گه‌یشتن به حۆری و به‌و بههشتهیه كه به قسه‌ی خۆیان و ئه‌وانه‌شی كه ئاماده‌یان ده‌كه‌ن بۆیان ئاماده‌كراوه، بۆیه ده‌بێت له‌وه بگه‌ین كه سه‌رباری په‌روه‌رده‌ی نادروستی ئایینی ئه‌م كه‌سانه خه‌فه‌كردنی سێكسیش كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر خۆكوژه‌كان هه‌یه".
- كرده‌وه خۆكوژییه‌كان، مێژوویه‌كی درێژ..
بیروبڕوای "داعش" هاوشێوه‌ی قاعیده‌ی دایكی له‌سه‌ر ئه‌وه چه‌سپاوه كه خۆته‌قاندنه‌وه له پێناوی خوا به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی شه‌هاده‌ته و كڕینه‌وه‌ی ژیانی ئه‌به‌دی و ئه‌زه‌لی ئه‌ودیوه له به‌رامبه‌ر هه‌ڕاجكردنی ژیانی كاتی دونیای ئه‌مدیو، بۆ ئه‌مه‌ش پشت به رێگه‌پێدانی زانای ئیسلامی، ئیبن ته‌یمییه ده‌به‌ستن و ده‌ڵێت هه‌ر چوار ئیمامه‌كه‌ی ئیسلامیش رێگه‌یان به كرده‌وه‌ی خۆكوژی داوه ئه‌گه‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندیی موسوڵماندا بێت.
زاناكانی ئیسلامی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه به‌سه‌ر دووبه‌ره‌دا دابه‌ش بوون، به‌شێكییان ره‌وایه‌تی به كرده‌وه‌ی خۆكوژی ده‌ده‌ن و به‌شێكیشیان كه زۆرینه‌ن دژی ده‌وه‌ستنه‌وه و به"ئینتحار"ی ناوده‌به‌ن، بۆچوونی سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانیش پێچه‌وانه‌ی داعشه‌كانه كه ئه‌مه‌یان پێی وایه خۆكوژه‌كان له‌وپه‌ڕی ترۆپكی باوهڕهوهن و ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میشیان وای ده‌بینن له ترۆپكی بێ ئومێدییهوهن.
كرده‌وه خۆكوژییه‌كان كه هیچ ده‌قێكی قورئان یان فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامی‌یان به‌ڕوونی له‌سه‌ر نییه، به‌ڵام داعش له چه‌ند كتێب و بڵاوكراوه‌یدا چه‌ند ئایه‌تێكی به راڤه‌ی هه‌ڵگرانی بیری جیهادی شیكردووه‌ته‌وه له پێناو ره‌وایه‌تی دان به‌و كاره كه به چه‌ند رێگه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌درێت كه بریتیین له خۆته‌قاندنه‌وه له رێگه‌ی پشتێنه‌ی بۆمبڕێژكراو، ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو، ماتۆرسكیل یان پایسكل یان ئامرازی دیكه‌ی گواستنه‌وه‌ی بۆمبڕێژكراو له نموونه‌ی فڕۆكه، تانك، زرێپۆش، هه‌مه‌ر، شۆفەل، خانووی بۆمبڕێژكراو.
ئه‌گه‌رچی له مێژووی نوێیدا كرده خۆكوژییه‌كان مه‌رج نییه هه‌موویان په‌یوه‌ندییان به ئایینی ئیسلامه‌وه هه‌بووبێت، به‌ڵام له سه‌رده‌می ئێستادا به پێچه‌وانه‌ی پێشووتر پتر مۆركی ئایینی و به‌تایبه‌ت ئیسلامی‌یان له پشته‌وه‌یه.
له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی دووه‌م چه‌ند فڕۆكه‌وانێكی ژاپۆنی چه‌ند كرده‌وه‌یه‌كی خۆكوژییان ئه‌نجامداوه كاتێك فڕۆكهكانییان به كه‌شتیگه‌لی ئه‌مریكییه‌كان ته‌قانده‌وه و به كرده‌وه‌ی كامیكازی ناسرا، پاشان ئه‌م كرده‌وانه له‌لایه‌ن جوداخوازه‌كانی سریلانكا كه به"پڵنگه‌كانی تامیل" ده‌ناسرێن ئه‌نجامدرا و دواتریش له لوبنان و فه‌له‌ستین و چه‌ندین گرووپی چه‌كداریی دیكه دواتر له عێراقدا.
به‌ڕوونی مێژووی كرده خۆكوژییه‌كان دیار نییه، هه‌ندێك ده‌یبه‌نه‌وه سه‌ر چیرۆكی شه‌مشون كه له ئینجیل‌دا باسكراوه كاتێك ئه‌و شمشۆنه دنگه‌كانی په‌رستگه‌یه‌كی به‌هێزی زۆری رووخاندووه و له‌گه‌ڵ خۆیدا چه‌ندین فه‌ڵه‌ستینی كوشتووه، هه‌ندێكی دیكه پێیان وایه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای هه‌ڵمه‌تی "خاچپه‌رستان" كاتێك ئه‌وانه‌ی ناوی خۆیان لێ نابوو جەنگاوهرانی په‌رستگه كه‌شتییه‌كیان به كه‌شتییه‌كی موسوڵمانان دادا و هه‌زا و ٤٠٠ جه‌نگاوه‌ری مه‌سیحی كوژران له‌پاڵ ژماره‌یه‌كی زۆر زیاتر له‌وه له موسوڵمانان.
له ئیسلامیشدا و به‌تایبه‌ت له مێژووی نوێ‌دا سه‌ره‌تا كرده‌وه خۆكوژییه‌كان بۆ جیهادییه‌كانی فه‌ڵه‌ستین له دژی جوولهکەكان رێگهپێدران و ئه‌وه‌ش ناكۆكیی خسته نێوان زانایانی ئیسلامییه‌وه و دواتریش رێژه‌ی ئه‌نجامدانی ئه‌و كرده‌وانه هه‌ڵكشان له سایه‌ی فه‌توای زۆر و جیاواز و تێكده‌رانه كه به‌ناوی خواوه بۆ كوشتنی مرۆڤه‌كان ده‌دران.
به‌پێی ئاماره‌كان له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو كرده‌وه خۆكوژییه‌كان په‌ره‌یان سه‌ند. له نێوان ساڵانی ١٩٨١ بۆ ٢٠١٥، جیهان چوار هه‌زار و ٨١٤ هێرشی خۆكوژی به‌خۆوه بینیوه له‌ناو زیاتر له ٤٠ وڵات‌دا كه تێیدا ئه‌فغانستان، عێراق، ئیسرائیل، فه‌ڵه‌ستین، پاكستان، سریلانكا هه‌ن و قوربانییهكانییان زیاتر له ٤٥ هه‌زار كه‌س بوون.
به‌پێی توێژینه‌وه‌كان كرده خۆكوژییه‌كان له ساڵانی هه‌شتاكاندا له سێ كرده‌وه له ساڵێكدا وه‌كو تێكڕا بۆ مانگانه كرده‌وه‌یه‌ك له نه‌وه‌ده‌كان به‌رزبووه‌ته‌وه. له ساڵانی نێوان ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٣ بۆ كرده‌وه‌یه‌ك له هه‌ر هه‌فته‌یه‌كدا زیادی كردووه. له ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٥ بۆ هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك له رۆژێكدا به‌رز بووه‌ته‌وه.
نووسه‌ری ئیسلامی، ئه‌بو به‌كر عه‌لی له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت: "ده‌بێت یه‌كه‌م شت بزانیین خۆته‌قاندنه‌وه بۆچی، بۆكێ، له دژی چی و له پێناوی چی؟، به‌داخه‌وه زۆربه‌ی ئه‌و خۆتهقاندنهوانهی هه‌ن بۆ خه‌ڵكی مه‌ده‌نیین یان دژی ئامانجی ناته‌ندروستن، بۆیه ئه‌و كرده‌وانه ناڕه‌وا و نایاسایی و ناهه‌قه، بۆیه خۆی له خۆیدا ناڕه‌وایه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی كه مامه‌ڵه‌كردن به‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵ جه‌سته به‌تایبه‌ت كه هه‌ندێك جار قۆستنه‌وه و بێ هۆشكردنی خه‌ڵكیشی تیایه بێ ئه‌وه‌ی ئاگایان له‌خۆیان بێت".
ئه‌و ده‌شڵێت دیدی ئیسلام دژی كرده‌وه خۆكوژییه‌كانه و ئایینی ئیسلام له‌گه‌ڵ میانڕهویدایه.
- خۆكوژه‌كان، له دۆزه‌خه‌وه بۆ دۆزه‌خ
ئه‌گه‌رچی عێراق له سه‌رزه‌مینی دۆزه‌خ ده‌چێت و تا دێت كوشتار و خوێنی زیاتری لێ ده‌چۆڕێت، به‌ڵام زۆرترین خۆكوژه‌كان له‌م دۆزخه‌وه به‌ره‌و دۆزه‌خی ئه‌زه‌لی خۆیان تۆمار ده‌كه‌ن. له قورئانی پیرۆزدا ده‌قه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر پیرۆزیی ژیانی مرۆڤ و پارێزگاریكردنی مرۆڤ له خود و له رۆحی ده‌كاته‌وه، به‌ڵام خۆكوژه‌كان خۆیان ده‌خه‌نه به‌ر مه‌رگ.
فه‌یاز تایع یه‌كێك له به‌رپرسانی كارگێڕیی داعش كه به‌مدواییانه دوای جیابوونه‌وه‌ی له داعش له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز رایگه‌یاندووه ژماره‌ی ئه‌و خۆكوژانه‌ی خۆیان له‌لای داعش تۆماركردووه زیادیان كردووه به به‌رارود له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو، ئه‌و گوتوشیه‌تی داعش پاش شكسته‌كانی ئه‌مدواییه‌ی ناچار بووه په‌نا بۆ ته‌كتیكی دیكه ببات، بۆیه ئێستا ئه‌مه به‌هێزترین ته‌كتیكه.
سه‌رۆكی سه‌نته‌ری زه‌هاوی بۆ توێژینه‌وه‌ی فیكری، دکتۆر سه‌باح به‌رزنجی له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت: "یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئیسلام رێگه نادات كه كه‌س كه‌سی تر به‌ناهه‌ق بكوژێت یان خۆی بكوژێت و به‌پێی چه‌ندین ئایه‌ت و بنچینه‌ی فیقهی رێگه به خۆته‌قاندنه‌وه نادرێت و خۆته‌قاندنه‌وه ده‌رهه‌ق به‌خودی كه‌سه‌كه خۆی و كۆمه‌ڵگه و ئیسلامیش كارێكی ناهه‌قه و به‌داخه‌وه هه‌ندێك موفتی له‌خوانه‌ترس ئه‌و فه‌توایانه‌یان ده‌ركردووه. جیهاد له ئیسلامدا له مه‌یدانی رووبهڕووبونهویه و ئه‌وانه‌ی دەکوژرێن شه‌هیدن، به‌ڵام جگه له‌وه ئه‌وه‌ی خۆكوژه‌كان كه خۆیان ده‌كوژن ئه‌وانه ناوییان لێ نانرێت ئیستیشهادی و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له ئیسلامدا جێگه‌یان نابێته‌وه".
- ٢٠١٦: هه‌زار و ٣٤ كرده‌وه‌ی خۆكوژی له ١١ مانگدا
به‌دواداچوونه‌كانی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ ئامار و ژماره‌كانی ئه‌و سایت و ئه‌كاونتانه‌ی داعش له تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت بڵاوی كردوونه‌ته‌وه ده‌ریده‌خات له یانزه مانگی ئه‌مساڵدا چه‌كدارانی داعش هه‌زار و ٣٤ كرده‌وه‌ی خۆكوژییان به‌ته‌نها له عێراق و سووریا و لیبیا ئه‌نجامداوه، به‌ته‌نها له عێراق ٦٨٨ كرده‌وه‌ی خۆكوژییان ئه‌نجامداوه و ٣١٧ یشیان له سووریا بوون، ٢٩ دانه‌شیان له لیبیا بوون.
به‌دواداچوونه‌كه‌ی ئانادۆڵو ده‌ریده‌خات پتر له ٦٦،٥ له‌سه‌دی كرده‌وه خۆكوژییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه له‌و سێ وڵاته له عێراق بووه و ٣٠،٦ له‌سه‌دی ئه‌و كرده‌وانه‌ش له سووریا بوون و ٢،٨ له‌سه‌دیشیان له لیبیا بوون و ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش لیستی كرده‌وه خۆكوژییه‌كانی داعشن به‌پێی مانگه‌كانی ئه‌مساڵ" ئه‌گه‌رچی هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی بێ لایه‌ن ئه‌و ئامارانه‌ی داعشییان پشت راست نه‌كردووه‌ته‌وه".
١- له كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ داعش ٨٥ كرده‌وه‌ی خۆكوژی ئه‌نجامداوه، ٥٤یان له عێراق و ٣١یشیان له سووریا بوون.
٢- له مانگی شوباتیش ٩٠ كرده‌وه‌ی خۆكوژی هه‌بووه، ٣٩یان له عێراق و ٥٠یان له سووریا ویه‌ك دانه‌شیان له لیبیا بووه.
٣- له مانگی ئادار داعش ١١٢ كرده‌وه‌ی خۆكوژی ئه‌نجامداوه، ٧٦ یان له عێراق و ٣٦یان له سووریا بوون.
٤- له نیسانی ئه‌مساڵ داعش ٨٣ كرده‌وه‌ی خۆكوژی له عێراق و سووریا ئه‌نجامداوه، كه ٥٨یان له عێراق و ٢٥یان له سووریا بوون.
٥- له مانگی ئایاردا داعش ١١٩ كرده‌وه‌ی خۆكوژی له‌و سێ وڵاته له ئه‌نجامداوه ٧٧یان له عێراق ٣٢یان له سووریا و ١٠شیان له لیبیا بوون.
٦- له حوزه‌یران ١٠٠ كرده‌وه‌ی خۆكوژی له‌و سێ وڵاته ئه‌نجامداوه، ٥٦یان له عێراق و ٤١یان له سووریا، سێ كرده‌وه‌ی دیكه‌ش له لیبیا بوون.
٧- له مانگی تهمووز داعش ٥٩ كرده‌وه‌ی خۆكوژییان ئه‌نجامداوه كه ٢٦یان له سووریا و ٣٠یان له عێراق و سێ دانه‌شیان له لیبیا بووه.
٨- ئه‌و كرده‌وه خۆكوژییانهی داعش له مانگی ئابی ئه‌مساڵ ئه‌نجامی داون بریتی بووه له ٨١ كرده‌وه، ٤٤یان له عێراق، ٢٥یان له سووریا و ١٢شیان له لیبیا بوون.
٩- له مانگی ئه‌یلوولدا چه‌كدارانی داعش ٥٣ كرده‌وه‌ی خۆكوژییان ئه‌نجامداوه كه ٣٦یان له عێراق و ١٧یان له سووریا بوون.
١٠- له تشرینی یه‌كه‌م ١٢٠ كرده‌وه‌ی خۆكوژییان له سوریا و عێراق ئه‌نجامداوه، ١٠٦یان له عێراق و ١٤یان له سووریا بوون.
١١- كرده‌وه خۆكوژییه‌كانی داعش له مانگی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ ١٣٢ كرده‌وه بوون، ١١٢یان له عێراق، ٢٠ یشیان له سووریا بوون.
هه‌رچۆنێك بێت هیچ ئایینێكی ئاسمانی و په‌یامێكی خودایی رێگه به مرۆڤه‌كان نادات خۆیان به‌و شێوه‌یه پارچه‌پارچه بكه‌ن له رێگه‌ی ته‌قه‌مه‌نی و ببێته هۆكاری كوشتنی هاووڵاتییانی بێ تاوان و خه‌ڵكی دیكه، بۆیه زۆرینه‌ی زانایانی ئیسلامیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن ئه‌م كرده‌وانه‌وه له دۆزه‌خه‌وه‌یه بۆ دۆزه‌خ.
news_share_descriptionsubscription_contact

