Kasım İleri,Muhammet Ali Kemal
15 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2017
واشنتۆن- AA
وەزیری دادی ئەمریکا، جێف سێشنز سەبارەت بە دەنگۆکانی کارکردنی راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشكی سپی، مایکل فلین بۆ تورکیا دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی، رایگەیاند ''باوەڕم نییە بەو جۆرە بێت''.
لە دانیشتنێکی لیژنەی دادی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا، جێف سێشنز سەبارەت بە زۆر بابەت و لەنێویشیاندا هەریەک لە بابەتەکانی ''دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژارنەکانی ئەمریکا''، ''پەیوەندیی ئیدارەی ئەمریکا و بەرپرسانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بە رووسیاوە'' و ''دەنگۆکان لەبارەی پەیوەندییەکانی مایکڵ فلین و تورکیا'' روونکردنەوەی دا.
لە وەڵامی پرسیاری نوێنەری دیموکراتەکان لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، زۆو لۆفگرین بەوەی ئایا کاتێک مایکڵ فلین لە میانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا کاربەدەست بووە کاری لەگەڵ تورکیادا کردووە یان نا، سێشنز رایگەیاند: ''پێم وانییە لەوبارەیەوە زانیارییم هەبێت''.
سەبارەت بە پرسیارێکی دیکەی زۆو لۆفگرین کە ''ئایا دەتانزانی لەدوای هەڵبژاردنەکان ئەو (مایکڵ فلین) کاری لەگەڵ حکوومەتی تورکیادا کردووە؟'' وەزیری دادی ئەمریکا رایگەیاند ''باوەڕم نییە بەوجۆرە بێت''.
دواتر زۆو لۆفگرین پرسیاری ئەوەی لە جێف سێشنز کرد کە ئایا زانیاریی هەیە یان نا لەبارەی ئەوەی خودی خۆی یان هەرکەسێکی دیکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپدا کاریکردووە، لە هەوڵدابووبێت و کاریکردبێت بۆ ئەوەی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ)، فەتحوڵڵا گولەن رادەستی تورکیا بکرێتەوە. لە وەڵامدا سێشنز باسی لەوەکرد ئەو بابەتەی بەم دواییانە لە رۆژنامەکاندا خوێندووەتەوە بەڵام پێشتر ئەو دەنگۆیانەی ''بە هیچ شێوەیەک بیرنەکەوتووەتەوە'' و لەوبارەیەشەوە هیچ زانییارییەکی پێنەگەیشتووە.
جێف سێشنز لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا زانیاریی هەیە سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لە رادەستکردنەوەی گولەن لە لایەن مایکڵ فلینەوە دەکەن لەبەرامبەر ١٥ ملیۆن دۆلاردا بە حکوومەتی تورکیا، رایگەیاند ''بەدڵنیاییەوە نەخێر، زانیارییم نییە''.
ناوبراو ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن زانیاریی هەڵەی لە ئیفادەکەیدا لە ئەنجوومەنی پیران بە سیناتۆرەکان دابێت.