Mazın Asad
16 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2017
مۆسکۆ - AA
گوتەبێژی کرملین، دیمیتری پیسکۆڤ رایگەیاند لووتکەی سۆچی کە لە نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی ساز دەکرێت، جیاواز دەبێت لە کۆنگرەی گەلانی سووریا.
پیسکۆڤ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان لە مۆسکۆ، رایگەیاند لووتکەی سۆچی لە ٢٢ی تشرینی دووەم ساز دەکرێت و تەوەرەی سەرەکی پرسی سووریا دەبێت.
گوتەبێژی کرملین ئاماژەی بەوەش دا کە لووتکەکە لەو کۆبوونەوەیە جیاواز دەبێت کە ھەفتەی رابردوو لە نێوان ئەردۆغان و پوتین ئەنجام درا و گوتیشی: "لووتکەکە لە نێوان سێ وڵاتی گەرەنتیکار بەڕێوە دەچێت کە تاوتوێی چارەسەری سیاسی، سەقامگیری و ئاسایشی سووریا دەکرێت. ئەم لووتکەیە جیاوازە لە کۆنگرەی گەلانی سووریا. لەبارەی کۆنگرەکەوە تاکو ئێستا وادەیەک دیاری نەکراوە".
پیسکۆڤ خۆی لە وەڵامی ئەو پرسیارە بوراند کە ئاخۆ ھیچ رێککەوتننامەیەک لە لووتکەکە واژوو دەکرێت یاخود نا.