Mazın Asad
01 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2018
بڕۆکسل - AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا، دۆناڵد توسک رایگەیاند ٢٧ وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا رەشنووسی رێککەوتننامەی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا (برێکزت) پەسەند دەکەن کە لە لایەن یەکێتی ئەورووپاوە ئامادە کراوە.
دۆناڵد توسک لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەک لە شاری بڕۆکسل گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا ھەڵسەنگاندنی لەبارەی دانوستانەکانی برێکزت کرد و گوتی: "وڵاتانی ئەندام لە رۆژانی داھاتوودا رەشنووسی رێککەوتنی جیابوونەوە کە دوێنێ بڵاوکرایەوە تاوتوێ دەکەن. دڵنیام سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا، ماددە بنەڕەتییەکانی رەشنووسەکە قبووڵ دەکەن".
دۆناڵد توسک راشیگەیاند بەریتانیا لە دانوستانەکانی برێکزت ھێڵە سوورەکانی خۆی دیاری کردووە و نایەوێت بەشداری لە یەکێتی گومرگ و تاک بازاڕییدا بکات.
سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا روونیشی کردەوە کە ئاگاداری ھێلە سوورەکانی بەریتانیان و گوتی: "پێویستە بە شێوەیەکی جددی بڕوانینە ھێلە سوورەکان و ئەنجامەکانی. یەکێتی ئەورووپا دەیەوێت رێگری لە ژمارەیەک سیناریۆ بکات".
دۆناڵد توسک راشیگەیاند چاوەڕێی پێشنیازێک لە بەریتانیا دەکەن کە رێگە بۆ پەیڕەویکردنی سنوور لە نێوان ئیرلەندا و ئیرلەندای باکوور خۆش نەکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، سەبارەت ئەو رەشنووسەی کە لەبارەی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا ئامادە کراوە، سەردانی بەریتانیا دەکات.