ئاژانسی ئانادۆڵو لە راپۆرتێكدا ئاماری سەركەوتنەكانی هێزی عێراقی دژ بە داعش لە ساڵی ٢٠١٦، بڵاو دەكاتەوە.
بەپێی راپۆرتەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو، هێزەكانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٦، سەركەوتنی گەورەیان دژ بە داعش بەدەستهێناوە و رووبەرێكی فراوانییان لە پارێزگاكانی، نەینەوا، سەڵاحەددین، كەركووك، دیالە، ئەنبار و پارێزگای بابل كۆنترۆڵ كردووەتەوە.
هەر بەپێی راپۆرتەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو، هێزەكانی عێراق بە پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٦، هێرشێكی فراوانییان كردە سەر شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار كە لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٥ داعش كۆنترۆڵی كردبوو.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەکراوە كە سوپای عێراق لە مانگی كانونی دووەمی رابردوو، كۆنترۆڵكردنەوەی سەرجەم میحوەرەكانی رومادی و كردنەوەی رێگەی سەرەكی نێوان رومادی و بەغدای رایگەیاند، دواتر بەرپرسانی عێراق رایانگەیاندبوو كە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا، ٦٠٠ چەكداری داعشیان كوشتووە.
بەپێی راپۆرتەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رومادی، ئەنجامدانی هێرشی زیاتری سەربازی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی قەزا و ناحییەكانی شارەکەی بەدوای خۆیدا هێنا و لە چوارچێوەیەدا هێزەكانی عێراق لە مانگی ئاداری رابردوودا، هێرشێكی فراوانییان بۆ سەر ناحیەی كوبێسە رۆژئاوای رومادی ئەنجامدا و دوای دوو رۆژ لە شەڕ و پێكدادان، هێزەكانی عێراق كۆنترۆڵكردنەوەی ناحیەكەیان راگەیاند و دوای كەمتر لە مانگێك، هێزەكانی عێراق لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردوو هێرشیانكردە سەر قەزای هیت لە رۆژئاوای رومادی و هەر لە ١٤ی ئەو مانگە سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی كۆنترۆڵكردنەوەی قەزاكەی راگەیاند.
بەپێی راپۆرتەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو كە هێزەكانی عێراق لە ١٧ی مانگی ئایاری رابردوو قەزای روتبە نزیك سنووری سووریایان كۆنترۆڵكردەوە و لەو كاتەدا هێزەكانی عێراق چەكدارانی داعشیان لەناو شاری فەللوجە (٦٠ كیلۆمەتر رۆژئاوای بەغدا) گەمارۆ دابوون و دواتر لە ٢٣ی مانگی ئایاری رابردوو سوپای عێراق دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی فەللوجەی راگەیاند.
فەللوجە، یەكەم شاری عێراق بوو كە داعش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ كۆنترۆڵی كردبوو بەرلەوەی لە هاوینی ئەمساڵ هێرش بكاتە سەر ناوچەكانی باكوور و رۆژئاوای عێراق و دواتر دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامیی لەسەر خاكی عێراق و سووریا راگەیاند.
لە راپۆرتەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو روونكراوەتەوە كە دوای پتر لە سێ هەفتە لە شەڕ و پێكدادنەكان، لە ١٨ی مانگی حوزەیرانی رابردوو سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی رایگەیاندبوو كە هێزەكانی عێراق شاری فەللوجەیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە.
هاوكات راوێژكاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری عێراق، فەریق روكن محەمەد عەسكەری راگەیاند كە هێزەكانی عێراق بەرەوشێكی دژوار و سەختدا تێپەڕین بەڵام توانییان بەشێوەیەكی خێرا ریزەكانی خۆیان رێكبخەنەوە و پلانی تۆكمە و باش دابنێن و لەو چوارچێوەیەشدا توانییان سەركەوتنی گەورە لە پارێزگای ئەنبار بەدەست بهێنن بەو پێیەی زۆربەی ناوچەكانی پارێزگاكەیان لە ژێر كۆنترۆڵی تیرۆریستان دەرهێنا و كۆنترۆڵیان كردەوە.
محەمەد عەسكەری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بەردەوامن بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی سەرجەم ئەو ناوچانەی عێراق كە هێشتا لە ژێر كۆنترۆڵی داعشن".
بەپێی راپۆرتەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە ١٩ی مانگی حوزەیرانی رابردوودا، لە چوارچێوەی كردنەوەی میحوەرەكان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە ئاراستەی ناوەندی مووسڵ، هێزەكانی عێراق هێرشیانكردە سەر ناحیەی گەیارە (٦٥ كیلۆمەتر باشووری مووسڵ) و لە ٢٥ی مانگی ئابی رابردووش سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی ناحیەكەی راگەیاند.
وەك لە راپۆرتەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو خراوەتەڕوو كە كۆنترۆڵكردنەوەی ناحیەی گەیارە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی دیكەی هێزەكانی عێراقی ئاسانكرد بەتایبەتیش بنكەی ئاسمانی گەیارە بووە شوێنی دابینكردنی پشتیوانی ئاسمانی لەلایەن فڕۆكەكانی جەنگییەوە بۆ هێزەكانی وشكانی.
بەپێی راپۆرتەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو، دوای كەمتر لە مانگێك لە كۆنترۆڵكردنەوەی ناحیەی گەیارە، هێزەكانی عێراق هێرشیانكردە سەر قەزای شەرگات لە باكووری پارێزگای سەڵاحەددین و دوای ٧٢ كاتژمێر لە شەڕ و پێكدادان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە ٢٢ی مانگی ئایلوولی رابردوو، كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی قەزاكەی راگەیاند.
داعش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، قەزای شەرگات و ناحیە و گوندەكانی دەورووبەری كۆنترۆڵكرد و قەزاكەش بە ناوچەیەكی ستراتیژی دادەنرێت، چونكە بە دووری ١١٥ كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری پارێزگای نەینەوا و بە دووری ١٢٥ كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری شاری تكریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەددین و بە دووری ١٣٥ كیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای كەركووك.
لە راپۆرتەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوەشکراوە كە تا نیوەی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو هێزەكانی عێراق، لە ناردنی پشتیوانی سەربازی بۆ نزیك مووسڵ بەردەوام بوون و دواتر لە ١٧ـی هەمان مانگ، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵی رایگەیاند.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا، پشتیوانی ئاسمانی لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی و فڕۆكە جەنگییەكانی عێراقی، بۆ هێزەكانی عێراق دابینكراوە.
بەپێی راپۆرتەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو كە هێزەكانی عێراق لە چوار میحوەرەوە كە ئەركی ئەو میحوەرانەیان پێ سپێردرابوون هێرشی فراوانییان بەرەو ناو مووسڵ دەستپێكرد كە میحوەری باشوور بە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ و میحوەری رۆژهەڵات بە هێزەكانی دژە تیرۆر و میحوەری رۆژئاوا بە هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی و هاوکات میحوەری باكوور بە هێزەكانی سوپا و پاسەوانی نەینەوا و میحوەری باكووری رۆژهەڵات لە دەرەوەی شارەكە بە هێزەكانی پێشمەرگە دران.
لە راپۆرتەكەی ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەش خراوەتەڕوو كە لە ٤٥ رۆژی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ، هێزەكانی عێراق پێشڕەویی گەورەیان كردبوو کە زیاتر لە ٢٥٠ گوند و شارۆچكە و دامەزراوەی گرنگی ستراتیژییان لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی شارەكە كۆنترۆڵكردەوە و لە رۆژئاواش هێزەكانی حەشدی شەعبی فڕۆكەخانەی سەربازی تەلەعفەریان كۆنترۆڵكردەوە.
ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ كە ماوەی هەفتەیەك بوو بەهۆی خراپی كەشوهەوا و خۆ رێكخستنەوەی هێزەكانی عێراق راوەستا بوو، رۆژی هەینی دووبارە ئۆپەراسیۆنەكە دەستی پێكردووە.
راوێژكاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری عێراق، فەریق روكن محەمەد عەسكەری دووپاتی دەكاتەوە كە تا ئێستا هێزەكانی عێراق زیاتر لە نیوەی رووبەری پارێزگای نەینەوایان كۆنترۆڵكردووەتەوە و هەروەها لە ئێستادا سەدا ٣٣ـی گەڕەكەكانی رۆژهەڵاتی مووسڵ لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئەمنی عێراقدایە.
دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ، شەڕی قورس و زیاتر لە باشووری پارێزگای كەركووك و باكووری رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار چاوەڕوانی هێزەكانی عێراق دەكات، چونكە هێشتا ژمارەیەك لە ناوچەكانی باشووری كەركووك و باكووری رۆژئاوای ئەنبار لە ژێر كۆنترۆڵی داعشدایە.
news_share_descriptionsubscription_contact

