سلێمانی
د. ئاسۆ فەرەیدوون سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، باس لە بەرنامەی لیستەكەیان دەكا و دەڵێ: "پڕۆژەی گەورەی ئێمە لە بواری سیستمی تەندروستی و دابینکردنی هەلی كار دەبێ."
د. ئاسۆ گرنگیدان بە كەرتی تەندروستی زیاتر لە بەرنامەی كاری لیستەكەیدا ڕەنگی داوەتەوە لو بارەیەوە گوتی: "بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، سلێمانی یەكەم پارێزگای پێشكەوتووە، ئێمە بەردەوام دەبین لە كاركردن بۆ هێشتنەوەی ئەو ئاستە، لە بواری تەندروستیدا پڕۆژەیەكمان هەیە بەناوی تەندروستی خۆت، پزیشكی خۆت، لە گەڕەكی خۆت. وا دەكەین لەمەودوا بنكە تەندروستییەكان خزمەت بە خەڵكی سلێمانی بگەیەنێ و هەموو بنكەیەك بەرپرسیار دەبێ لەكۆمەڵێك خەڵك."
سەرۆكی لیستی ی. ن. ك لە بەشێكی دیکەی هەڤپەیڤینەكەیدا باسی ململانێ و ڕكابەری لایەنە سیاسییەكان لە سلێمانی دەكا و دەڵێ: "ململانێی سیاسی لەم شارە مێژوویەکی درێژی هەیە، بەڵام لە پاڵ ململانێدا، داهێنان و گەشەی هونەر و شاعیرانی مەزنی وەکو نالی، مەحوی، پیرەمێردی شاعیر و بزووتنەوە نیشتمانپەروەرەكانی بەرهەمهێناوە."
د. ئاسۆ سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە سەركەوتنی پارێزگای سلێمانی و پرۆسەی ئازادیی ڕادەربڕین و ئیرادەی خەڵك ناو دەبا و جەخت دەكاتەوە، حزبەكەی بە هەموو شێوەیەك بە ئیرادەی خەڵك و دەنگی خەڵك ڕازی دەبێ. لەو بارەیەوە گوتی:" وەك چۆن بەدەرەنجامی هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولی ڕابردو ڕازی بووین، بە دەرەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنەیش ڕازی دەبین. بەڵام سلێمانی شاری یەك حزب و لایەنی سیاسی نییە و شاری هەمووانە، هیچ لایەنێك بە تەنیا ناتوانێ دەنگی زۆرینەی ئەم شارە مسۆگەر بکا هەموو لایەنێك لەم شارەدا پێویستی بە هاوپەیمانێتی سیاسی هەیە و پێكەوە دەتوانین كاری بۆ بكەین."