Hamit Hüseyin
26 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2017
هەولێر- AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوە.
بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە تیایدا هاتووە "سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی بە سەردانێكی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی سەركۆماری توركیا گەیشتە توركیا و لە فڕۆكەخانەی شاری ئیستانبوڵ لەلایەن جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا، ئەحمەد یڵدز پێشوازی كرا و پێشوازیكردنەكەیش هاوكات بوو لەگەڵ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە فڕۆكەخانەی ئیستانبۆڵ. دواتر هەر لە شاری ئیستانبۆڵی توركیا سەرۆك بارزانی و سەركۆماری توركیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كۆبوونەوە".
لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "لە كۆبوونەوەكەدا كە وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان، بەرات ئالبەیراک و جێگری وەزیری دەرەوە، ئەحمەد یڵدیز و راوێژکاری دەزگای هەواڵگری توركیا، هاكان فیدان ئامادە بوون پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە تایبەت لە بواری ئابووری خرایە بەر باس و گفتوگۆ و وێڕای ئاماژەدان بە دەرئەنجامەكانی سەردانی پێشووی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، سەرۆكۆماری توركیا رایگەیاند كە بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی ئابووریی هەرێم، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشت دەكات بۆ ئەوەی سەردانی توركیا بكات".
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كرا و سەركۆماری توركیا پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش دووپاتكردەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و سووریا و كۆنفڕانسی جنێڤ و دوا گۆڕانكارییەكان لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكانی كاریگەر لەسەر ناوچەكە و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیا ئاڵوگۆڕ كرا.
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم، فوئاد حوسێن و گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی یاوەری سەرۆكى هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بوون.