Sarmand Hameed
08 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2020
بەیروت - AA
سەرۆکوەزیرانی لوبنان، حەسان دیاب داوای هەڵبژاردنی پیشوەختەی لە وڵاتەکەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە لوبنان بە قۆناغی سەختدا تێپەڕدەبێت.
حەسەن دیاب لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "رۆژی دووشەممە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەخەمە بەردەم حکوومەت".
سەرۆکوەزیرانی لوبنان گوتیشی: "ئامادەم بۆ ماوەی دوو مانگ بەرپرسیارییەتی حکوومەت لەئەستۆ بگرم تاوەکو پارتە سیاسییەکان دەگەنە رێککەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو".
دیاب راشیگەیاند "کارەساتەکەی بەندەری بەیروت لە ئەنجامی گەندەڵی و خراپ ئیدارەدانی چەند ساڵە بوو".
سەرۆکوەزیرانی لوبنان جەختی لەوە کردەوە کە "هەموو بەرپرسانی بەندەری بەیروت دەخرێنە ژێر لێپرسینەوە و ئەو کارەسانەتە بێ لێپیچینەوە تێناپەڕێت و لێكۆڵینەوەکان فراوانتر دەکرێن تاوەکو هەموو ئەوانە بگرێتەوە کە پەیوەندارن بە روودانی ئەو کارەساتە".
دیاب گوتیشی: "بۆچی ئەو ماددانە ماوەی حەوت ساڵە لە بەندەرەکەدابوون، کێ سوودمەندبوو لە مانەوەیان؟".
سەرۆکوەزیرانی لوبنان، حەسان دیاب ئاماژەی بەوەشکرد کە لوبنان بەرگەی موزایەدە ناگرێت و پێویستە دەستبەرداری حیساباتی سیاسیی بن و داواکاریی ئەوەیە هەست بە بەرپرسیارییەتی نیشتمانیی بکەن.
لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیەی رۆژی سێشەممەی رابردوو لە بەندەری بەیروت روویدا، تاوەکو ئێستا ١٥٨ کەس کوژراون و زیاتر لە شەش هەزاری دیکە برینداربوون.