Emel Öz Gözellik,Rewa Mahmut Hasan
31 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2017
ئەنقەرە - AA
دوای تاقیکردنەوە مووشەکییە بالیستییەکەی کۆریای باکوور، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا کە لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی پێویست بەرامبەر بە هەڕەشەکانی کۆریای باکوور لە میانی تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیدا، لەگەڵ ترەمپدا هاوڕان.
ئابێ جەختی کردەوە لەوەی کە دەبێت هەریەک لە رووسیا و چین و وڵاتانی دیکە رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر هاوشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فشارەکانیان بۆسەر کۆریای باکوور زیاد بکەن.
یاریدەدەری سکرتێری کابینەی ژاپۆن، کۆیچی هاگویدا رایگەیاند کە ئابێ و ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا باسیان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی نەکردووە دژ بە کۆریای باکوور.
پێشتر کۆشکی سپی رایگەیاندبوو هەردوو سەرکردەکە هاوڕان لەسەر ئەوەی کە کۆریای باکوور تادێت دەبێتە مایەی هەڕەشەی زیاتر بۆ ئەمریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور و وڵاتانی دیکە.
رۆژی هەینی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ رایگەیاند بوو کە کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستی تاقی کردۆتەوە و مووشەکەکە لە دەریادا کەوتووەتەخوارەوە.