هەولێر
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەفین دزەیی گوتی: "هەولێر بەردەوامە لەسەر فرۆشتنی نەوت لە رێگای كۆمپانیای سۆمۆوە".
دزەیی بە ئانادۆڵو گوتی: "ئەو دەنگۆیانە كە باس لە راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگای كۆمپانیای سۆمۆوە دەكەن دوورن لە راستی، سەرەڕای ئەوەی كە حكوومەتی بەغدا پابەندی یاسای بوودجەی ساڵی 2015 نەبووە، بەڵام هەرێمی كوردستان پابەندی پڕۆژەكەیە و بەردەوامە لەسەر فرۆشتنی نەوت لە رێگای سۆمۆوە.
سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی كوردستان ئارێز عەبدوڵڵا گوتی: "لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە هەرێمی كوردستان رێژەی ئەو نەوتەی كە لە رێگای كۆمپانیای سۆمۆوە دەیفرۆشرێت كەم كردووە و حكوومەتی بەغدایش بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستانی نەناردووە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاساوی یاسایی بە دەستەوەیە كە نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ نەكات".
بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە رۆژی دووی كانوونی یەكەمی ساڵی 2014 لە نێوان هەولێر و بەغدادا ئیمزا كراوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكات و لە بەرامبەریشدا حكوومەتی بەغدا بەبێ كەموكۆڕی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان دەنێرێت، بەڵام بەغدا بە بیانووی ئەوەی كە پارەی نییە تا ئەمڕۆ بەشە بوودجەی هەولێری وەك پێویست نەناردووە.
"کۆسپەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەکنیکییە نەک سیاسی".
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی حكوومەتی عێراق عاسم جیهاد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو: "كۆسپەكانی بەردەم هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان هۆكاری تەكنیكی بووە نەك سیاسی".
عاسم جیهاد گوتیشی لە شەش مانگی رابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەمتر لە رێژەی پێویست نەوتی هەناردە كردووە، بەڵام ئەوە هیچ پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە و هۆكاری تەكنیكی هەیە.
پێشتریش سەفین دزەیی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "حكوومەتی عێراق پابەندی رێككەوتننامەی نێوان ناوەند و هەرێم نەبووە، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكە و پابەندی دەبین و بڕی نەوتی دیاریكراوە بەپێی رێككەوتننامەكە، رادەستی سۆمۆ دەكەین".