Hemin Hüseyin
07 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2018
هەولێر-AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی رایدەگەیەنێت کە بە هۆی بوونی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان زیاتر لە ٣٥٠ گوند چۆڵکراون و ئاماژەش بەوە دەکات کە وەکو حکوومەت چەند جارێک داوایان کردووە پەکەکە ناوچەکە جێبهێڵیت بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سەفین دزەیی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بوونی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان وایکردووە زیاتر لە ٣٥٠ گوند چۆڵی بکەن. ئێمە هەمیشە داوامان لە پەکەکە کردووە کە ئەو ناوچانە جێبهێلن و هەندێکجار سوپای تورکیا دێنە ناوچە سنوورییەکان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ئۆپەراسیۆن دژی پەکەکە ئەنجام دەدەن و دەگەڕێنەوە. ئەو ناوچە سنوورییانە چونکە شوێنەکە زۆر دوورەدەستە و نەبوونی هێزی پێشمەرگە لەوناوچانە وایکردووە کە پەکەکە بە ئازادانە لەم ناوچانە هاتوچۆ بکات و ببێتە مایەی کێشە بۆ ناوچەکە".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا و لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە بوونی هەر رێککەوتنێک لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک کە بە هۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە راگیراوە، سەفین دزەیی گوتی: "سەبارەت بەو ٢٥٠ هەزار بەرمیلەی کە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرا و دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر وەستێنرا و ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی بەغدایە. بۆ ئەم مەبەستە پپێشنیازێک لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش بە وەزارەتی نەوتی عێراقی و خودی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە کە ئەو بڕە نەوتەی سوودی لێ نابینن ئەوا دەکرت بە رێگای بۆڕی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆ و ئەوان سەرپشک بن لە بازاڕکردن و فرۆشتن و داهاتەکەش بگەڕێتەوە خەزێنەی عێراق و هەمووان لێی سوودمەندبن، وەکو پێشنیاز پێشوازی لێکراوە، بەڵام وەکو گفتوگۆی چڕ تا ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە".
سەبارەت بە هەواڵی فرۆشتنی بۆڕی نەوت لە لایەن حکوومەتی هەرێم، سەفین دزەیی گوتی: "ئەوە شتێکە لە سەرتاسەری جیهان وەکو سەرمایەگوزاری لە لایەن کۆمپانیای روسنەفت بەڕێوەدەچێت و ئەوان شارەزا و کارامەن لەم بوارەدا، ئەمە ئیبداعی هەرێمی کوردستان نییە".