Zana Natık Kerem
09 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەڵبژاردنەکان، عەبد حوسێن ھینداوی رایگەیاند کە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، تەنھا چاودێریکردنە نەوەک دەستوەردان لە پڕۆسەکەدا.
عەبد حوسێن ھینداوی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەھیچ شێوەیەک دەستوەردان ناکات لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بەڵکو تەنها چاودێری پڕۆسەکە دەکات و گوتی:
"کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە ھەموو قۆناغەکاندا، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەدەبات".
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەڵبژاردنەکان، عەبد حوسێن ھینداوی گوتیشی: "مەرجەعی باڵای ئایینی قسەی لەسەر سەرپەرشتیکردن و چاودێکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا کردووە، بەڵام تەنھا وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەک لایەنی فەرمی دەتوانێت داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات کە چاودێری پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکە بکات".
پێشتر گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای رایگەیاندبوو کە بانگھێشتنامەیان ئاراستەی ٧١ وڵات کردووە بۆ چاودێرییکردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق کردووە لەنێویاندا ٥٢ باڵیۆزخانەی عەرەبی و بیانی لەگەڵ ١٩ رێکخراوی نێودەوڵەتیی.
ئاشکراشیکردبوو کە تا ئێستا ھەریەک لە کوێت، سعوودیە، ژاپۆن، ڤێینزوێلا، فینلاند، فیلیپین، لوبنان، یۆنان، ھیندستان و فەڕەنسا ئامادەیی خۆیان بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نیشانداوە.
بڕیارە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داھاتوو بەڕێوەبچێت.