Zana Natık Kerem
24 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 24 مای,س 2018
بەغدا ــ AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند کە دوا ھەوڵ و کارەکانیان لە بارەی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو تەواو کردووە و، دووپاتیکردەوە کە بوونی ئۆپۆزسیۆن لە ئەنجوومەنی نوێنەران کارێکی باش و گرنگە.
موقتەدا سەدر لە میانی دوو ھەفتەی رابردوودا لەچوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو، جگە لە سەرکردەی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی نەبێت لەگەڵ سەرجەم سەرکردەی قەوارە سیاسییە براوەکانی ھەڵبژاردنەکان دیدار و کۆبوونەوەی ساز کردووە.
بەپێی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٢ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، ئیئتلافی سائرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٥٤ کورسی بەدەستھێناوە.
لە بەیاننامەیەکدا، موقتەدا سەدر رایگەیاندووە "دوای دیدار و کۆبوونەوە، دوا ھەوڵ و کارەکانم لە بارەی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو تەواوکردووە کە ناسوننی، ناشیعی، ناعەرەبی، ناکوردی، نانەتەوەیی و ناتایفی دەبێت بەڵکو حکوومەتێکی عێراقی رەسەن دەبێت، ھەروەھا بوونی ئۆپۆزسیۆن لە ئەنجوومەنی نوێنەران، کارێکی باش و گرنگە".
سەرکردەی رەوتی سەدر ئەوەشی گوتووە "بە زانیاری و وردەکاری ناوەڕۆکی دیدار و کۆبوونەوەکان لە بارەی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو، مەرجەعییەت، ھۆزەکان و گەڵ ئاگادار دەکەینەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش قسە و گوفتاری خۆیان ھەبێت، دواتر چاوەڕوانی ئەو قەوارانە دەکەین کە خاوەنی ئاراستەی نیشتمانیین تا حکوومەتێکی بەھێز پێکبھێنن و مافی گەل بدات و سزای توندی گەندەڵکاران بدات".
لە میانی دوو ھەفتەی رابردوودا، موقتەدا سەدر پرسی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی لەگەڵ سەرکردەی ئیئتلافی نەسر، حەیدەر عەبادی و سەرکردەی ئیئتلافی فەتح، ھادی عامری و سەرکردەی رەوتی حیکمە، عەممار حەکیم و سەرکردەی ئیئتلافی وەتەنییە، ئەیاد عەللاوی و سەرکردەی ئیئتلافی قەراری عێراقی، ئوسامە نوجێفی و ھەردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەروەها نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، تاوتوێ کردبوو جگە لە سەرکردەی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی نەبێت.