Zana Natık Kerem
21 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2017
بەغدا ــ AA
سەركۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم پێشهاتەکانی پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، یان كۆبیش تاوتوێ كرد.
لە بەیاننامەیەكی نووسینگەی رایگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقدا هاتووە "بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەغدا سەركۆمار، فوئاد مەعسوم پێشوازی کرد لە نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، یان كۆبیش و كۆبوونەوە".
لە بەیاننامەكەدا كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە ئاماژە بەوە دراوە كە لە كۆبوونەوەكەدا، گرتنبەری رێوشوێنی زیاتر لەگەڵ پشتیوانییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق لە هەموو بوارەكاندا تاوتوێ كران، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر گرنگی قووڵكردنەوەی لێكتێگەیشتنی بنیاتنەر لە نێوان هەموو لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی فیدرال و هەرێمی كوردستان، بە تایبەتیی لە پرسی ریفراندۆمدا.
بە پێی بەیاننامەكە لە میانی كۆبوونەوەکەدا، فوئاد مەعسوم متمانەی خۆی بە تواناکانی لایەنە عێراقییەكان نیشان دا بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لە رێگەی گفتوگۆ و پەرۆشیان بۆ پتەوكردنی هاوكاری و قووڵكردنەوەی یەكڕیزیی بۆ بەرنگاربوونەوەی تێرۆر، جەختیشی كردەوە لەسەر گیانی برایەتی كە سەرجەم پێكهاتە عێراقییەكان پێكەوە دەبەستێتەوە.
لای خۆیەوە نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، یان كۆبیش ئەنجامی سەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك و پەیوەندییەكانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەكە و چالاكییەكانی ئەم دواییەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی عێراق، خستەڕوو.
هەروەها یان كۆبیش دووپاتی كردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەیە لە هەموو بوارەكاندا زیاتر پشتیوانی عێراق بكات و ستایشی دەستپێشخەرییەكەی سەرکۆماری کرد لە بارەی پرسی ریفراندۆم.