نەتەوە یەكگرتووەكان
بان كی مون، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ شاندێكی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە سەرۆكایەتی هادی ئەلبەحرا سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی هێزە شۆڕشگێرەكان و ئۆپۆزسیۆنی سوریا كۆبووەوە.
بەپێی روونكردنەوەی نوسینگەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوەكە لە ناوەندی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوەچووە و تیایدا باس لە بارودۆخی نالەباری مرۆیی سوریا كراوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بان كی مون باسی لە هۆكارەكانی شەڕ و پێكدادانەكانی سوریا كردووە رایگەیاندووە گەرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان بە یەكتر دەبێتە هۆی چارەسەری كێشەكان و هاوكات جەختی لەسەر گرنگی دەستپێكی دیالۆگ كردووە.
هاوكات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەلە كردن لە چارەسەرێكی سیاسی بۆ دۆخەكە، كە بەهۆی بەردەوامی پێكدادانەكانەوە پێداویستییە مرۆییەكانیش رۆژ لە دوای رۆژ روویان لە زیادی كردووە.
لە كۆبوونەوەكەدا، بان كی مون هیوای خواست پەیوەندییەكی بنیاتنەر لەنێوان هاوپەیمانی نیشتمانی هێزە شۆڕشگێرەكان و ئۆپۆزسیۆنی سوریا و ستافان دێ میستورا نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سوریا هەبێت.