ئەنقەرە
چاوشئۆغڵو لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باسی لە گرنگی سەردانەكەی سكرتێری گشتی ناتۆ كرد بۆ توركیا و گوتی: لە كاتیكدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی تاقیكردنەوەی جددی بۆتەوە، سەردانی جێنس ستۆڵتنبێرگ سكرتێری گشتی ناتۆ بۆ توركیا مانادارە، توركیاش بەدرێژایی دەستبەكاربوونی ستۆڵتنبێرگ بەهێزترین پاڵپشتی دەبێت.
هەروەها وەزیری دەرەوەی توركیا باسی لەوەشكرد، لەگەڵ ستۆڵتنبێرگ باسیان لە پێشهاتەكانی سوریا و عێراق و كێشەی ئەمنی ناوچەكە بەتایبەتی هەڕەشەكانی داعش و گرنگی ناتۆ بۆ ناوچەكە كردووە، هەروەها بەشێوەیەكی گشتگیر باسیان لە تیرۆر كردووەو كێشەكانی سەر سنووریان هەڵسەنگاندووە.
هاوكات لەلای خۆیەوە سكرتێری گشتی ناتۆ باسی لەوە كرد، لە خوانی بەیانیدا باسیان لە چەند بابەتێك كردووە، دڵخۆشی خۆی بۆ سەردانەكەی توركیا دەربڕی و جەختی لەسەر گرنگی توركیا كردەوە و گوتی: "توركیا هاوپەیمانێكە، كە كلیلی رۆڵبینینە لە ناوچەكەدا".
هەر لە وچوارچێوەیەدا سكرتێری گشتی ناتۆ هۆكاری سەردانەكەی بۆ توركیا ئاشكرا كردو گوتی: بەمەبەستی تاوتوێكردنی چەند بابەتێك و چاوخشاندنەوە بەو كارانەی كە لە كاتە سەخت و دژوارەكاندا پێویستە ئەنجامی بدەین سەردانی توركیام كردووە.
هەروەها گوتیشی لەگەڵ لێپرسراوانی توركیا باسیان لە چۆنیەتی هەماهەنگی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەو كێشە ئەمنیانە كردووە كە هاوپەیمانان هەم لە خۆرئاوا هەمیش لە خۆرهەڵات رووبەڕوویان دەبنەوە، لەگەڵ تاوتوێكردنی ئەو بڕیارانەی لە لوتكەی كۆبوونەوەی وێڵس دەركران، مانەوەی ناتۆ بە بەهێزی، كاركردنی ناتۆ لەگەڵ هاوپەیمانەكانی بە باشترین شێوە و بەردەوامی دان بە پەیوەندی ئەوروپا لەگەڵ باكووری ئەمریكا بە باشترین شێوەیە.
سكرتێری گشتی ناتۆ جەختی لەسەر ئەوە شكردەوە، كە داعش هەڕەشەی گەورەی لەسەر عێراق و سوریا و ناوچەكە و هەروەها ئەندامانی ناتۆ دروستكردووە، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەك هەڵوێست بێت بەرامبەری.
هاوكات گوتیشی: "ئەو هەنگاوانەی ئەمریكا لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا دەینێت زۆر گرنگە، لەو باوەڕەشدام رێگە پێدانی سوپای توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆن لەدەرەوەی سنوورەكانی خۆی كارێكی ئەرێنیە. ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێك كە بە موشەك بكرێتە سەر خاك و گەلی توركیا.بەدرێژایی 10 ساڵ وەك هاوبەشێكی گرنگ لە توركیامان روانیوە و هاوكاربووە لە دەستەبەركردنی سەقامگیری بۆ ناوچەكە. هێزە چەكدارەكانی هاوكاری زۆریان پیشكەش بە ئاسایشی كۆسۆڤۆ و ئەفغانستان كردوە. بەردەوام دەبین لە متمانەدان بە توركیا هاوكاری توركیا بۆ پاڵپشتی لە ئەفغانستان. ئیتر كاتی ئەوەیە ئەو بڕیارە گرنگانە جێبەجێ بكرێن كە لە لوتكەی كۆبوونەوەی وێڵس دەركران. لەبەرئەوە پێكەوە بەردەوام دەبین لەسەر پاراستنی ئاسایشی ناتۆ."