Zana Natık Kerem
23 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2017
بەیروت ــ AA
سوپای لوبنان رایگەیاند كە لە میانی ئۆپەراسیۆنی فەجر جرووددا، هێزەكانیان سەدا ٨٨ی ئەو رووبەڕەی كۆنتڕۆڵكردووەتەوە كە لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشدایە.
بەڕێوەبەری ئاراستەكردن لە سوپای لوبنان، عەمید عەلی قانسۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە میانی ئۆپەراسیۆنی فەجر جرووددا كە رۆژی شەممەی رابردوو دەستی پێكردووە تا ئێستا لە كۆی ١٢٠ كیلۆمەتر چوارگۆشە كە لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشدایە، هێزەكانیان ١٠٠ كیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە رۆژهەڵاتی وڵات كۆنتڕۆڵكردووەتەوە كە رێژەكەی دەکاتە سەدا ٨٨".
عەمید عەلی قانسۆ ئاماژەی بەوەشدا كە هێزەكانیان لە میانی ئۆپەراسیۆنی فەجر جرووددا، ئەو ئامانجانەی بەدی هێناوە كە بۆیان دیاری كرابوو.
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە سوپای لوبنان لە ئۆپەراسیۆنی فەجر جرووددا یاسای نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ رەچاوكردووە.
عەلی قانسۆ گوتیشی: "هیچ دەستبەسەركراو یان دیلێكی داعشمان لا نییە، هەروەها تا ئێستا زانیارییمان لەسەر ئەو سەربازانە نییە كە لە ماوەكانی رابردوودا لە لایەن داعشەوە رفێنرابوون".
رۆژی شەممەی رابردوو، فەرماندەی سوپای لوبنان، جەنەرال جوزێف عەون رایگەیاندبوو كە هێزەكانیان، ئۆپەراسیۆنی (فەجر جروود)یان بە ئامانجی راوەدونانی داعش لە دەورووبەری شارۆچكەكانی راس بەعلەبەك، فاكیهە و قاع رۆژهەڵاتی لوبنان، دەستپێكردوە.