سلێمانی
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان محەمەدی حاجی مەحموود لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە بەرەکانی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش و مەترسی سەرھەڵدانی شەڕی تائیفی لە عێراق و گرنگی بەشداری وڵاتانی ھاوپەیمان و تورکیا لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ لەدەست داعش دەکات.
ئەو بەرپرسە کوردە کە سەرپەرشتیاری گشتی میحوەرەکانی کەرکووکی ھێزی پێشمەرگەیە لە بارەی دوایین ھەواڵی بەرەکانی کەرکووک و شەڕی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە دژی داعش گوتی: "دوای ئەوەی گورزێکی گەورەمان لە چەکدارانی داعش لە ناوچەکە وەشاند و چەندین ناوچەمان ئازاد کردەوە، ماوەی چەند رۆژێکە بەرەکانی شەڕ لەو ناوچانە ئارامە".
محەمەدی حاجی مەحموود گوتی: "ئەوەی پێمان بکرێت تا بستێک خاکی کوردستان مابێت شەڕیان لەگەڵ دەکەین، بەڵام ھەر ھێرش و پەلامارێکی نوێ پێویستی بە بەرنامە رێژی و پلان و ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ھەیە".
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد قۆناغی یەکەمی پلانەکەیان گرتنەوەی ئەو ناوچانە و دورخستنەوەی مەترسییەکانی ئەو گرووپە بووە لەسەر شاری کەرکووک و ناوچە کوردییەکانی تر.
لە بارەی شەڕی گرتنەوەی ھەردوو شاری تکریت و مووسڵ و بەشداریکردنی پێشمەرگە لەو شەڕانەدا گوتی: "ئێمە زیاتر جەخت لەسەر ھێزی پێشمەرگە و ناوچە کوردستانییەکان دەکەینەوە، شەڕی ئەو دوو شارە زۆر پەیوەندی بە کوردەوە نییە و ماوەی زیاتر لە مانگێکە عێراق تەواوی ھەوڵەکانی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ گرتنەوەی تکریت".
محەمەدی حاجی مەحموود لە بارەی حەشدی شەعبی و نیگەرانییەکانی ھاووڵاتییان و لایەنە سونییەکان لە کردەوەکانی ئەو ھێزانە دواو گوتی: "بەھۆی ئەو نیگەرانییەی ھەیە لەسەر کردەوەکانی حەشدی شەعبی ماوەی چەند رۆژێکە ھێرشەکانیان لە تکریت وەستاوە، چونکە رەنگە وا لێکبدرێتەوە کە شەڕی نێوان شیعەو سونەیە و بەرپا بونی ھەر شەڕێکی لەو شێوەیەش دەبێتە شەڕی مان و نەمان لە نێوان ھەردولاو چارەنوسی ھەر لایەکیان دەبەسترێتەوە بەو شەڕەوە".
محەمەدی حاجی مەحمود ھەروەھا گوتی: "حەشدی شەعبی بەتەنھا ناتوانن ئەو ناوچانە لەدەست داعش وەربگرنەوە و ئاسان نییە بۆیان، حکوومەتی عێراقیش کە خۆی خاوەنی بابەتەکەیە ھێزی لێبڕاوە و ھێزەکەی توانای جوڵانی نەماوە، ئەو ھێزەش کە شەڕی داعش دەکات ھێزی کوردییە".
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان باس لە گرنگی بەشداری ھێزی نێودەوڵەتی و دەستێوەردانی ئەو ھێزانە دەکات لە شەڕی مووسڵ و دەڵێ: "بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ بەشداری ھەر ھێزێکی نێودەوڵەتی گرنگە، دەستێوەردانی ھاوپەیمانان و تورکیا لەو شەڕەدا باشە چونکە ئەو بابەتە تەنھا پەیوەندی بە عێراق و کوردستانەوە نییە و بۆ ھەموو لایەک جێگەی مەترسییە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ھەوڵەکان بۆ گرتنەوەی تەواوی ناوچەکان لە ژێر دەستی چەکدارانی داعش بەردەوامی ھەیە، بەڵام ھەندێک لە ھەوڵەکان لە پێشدا رێکەوتن و بابەتی سیاسییە دواتر لە گرتنەوە و چارەسەرکردنی ئەو ناوچانە ڕرەنگ دەداتەوە".