هه‌ولێر
هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، له مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك سه‌باره‌ت به ره‌وشی سیاسی هه‌رێم و پرسی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌ركۆماری عێراق له هه‌ولێر کۆبوونەوە.
لەو بارەیەوە ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پ.د.ك رۆژ نوری شاوێس گوتی: "له كۆبوونه‌وه‌کەدا چه‌ند پرسێكمان له‌باره‌ی ره‌وشی سیاسی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و رێكکه‌وتنامه‌ی سیاسی نێوان هەردوولا تاوتوێ کردووە."
سه‌باره‌ت به رێكکه‌وتنامه‌ی ستراتیژییان، له وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، رۆژ نوری شاوێس گوتی: "هه‌ردوولا له‌سه‌ر پێکهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ پێداچوونه‌وه به بڕگه و مادەکانی رێكکه‌وتنامه‌ی ستراتیژی نێوان پارتی و یه‌كێتی، رێكه‌وتووین."
شاوێس گوتیشی: "ئه‌مرۆ له‌سه‌ر کارکردن به یه‌ك تیم بۆ پرسه سیاسییه ناوخۆییه‌كان و عێراق، رێککەوتین."
هه‌ر سه‌باره‌ت به كاركردنی هه‌ر دوو حزب و بۆچوونی هاوبه‌شیان بۆ پرسه چاره‌نووسازه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، به تایبه‌تی پرسی سه‌ربه‌خۆیی، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ک مه‌لا به‌ختیار بۆ ئانادۆڵو گوتی: "یه‌كێتیی و پارتی كۆكن له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی، وه‌ك خانه‌قینییه‌ك هیوادارم ئه‌و رۆژه بێ كه ئێمه بڕیار له‌سه‌ر مافی چاره‌نووسی خۆمان بده‌ین."
قسه‌كانی رۆژ نوری شاوێس و مه‌لا به‌ختیار له میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هات، کە دوای کۆبوونەوەکە سازیان کرد.
سه‌باره‌ت به چوونی كورد بۆ به‌غدا، شاوێس گوتی: "هه‌موو كوتله كوردستانییه‌كان كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به یه‌ك ده‌نگ بچینه به‌غدا و یه‌ك كاندیدمان هه‌بێ بۆ پۆستی سه‌ركۆماری عێراق."
سه‌باره‌ت به مه‌رجه‌كانی كورد، رۆژ نوری شاوێس گوتی: "مه‌رجی سه‌ره‌كی، ده‌بێ پۆستی سهركۆمار بۆ كورد بێ، كوردیش یه‌ك كاندیدی ده‌بێ بۆ سهركۆمار له په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێ."
هه‌روه‌ها مه‌لا به‌ختیار گوتی: "ئێستا جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دانوستانكاری كورد سه‌رقاڵی پڕۆژه‌یه‌كن بۆ ئه‌وه‌ی كه چوونه به‌غدا دوای یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆستی سهركۆمار، ده‌مانه‌وێ بۆ دیاریكردنی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران و پۆسته‌كانی دیکە مه‌رجی به‌شداری خۆمان بخه‌ینه‌ڕوو."
مه‌لا به‌ختیار گوتیشی: "مه‌رجه‌كان ئه‌وه‌یه ده‌بێ پرسی ده‌ستوور یه‌كلایی بكرێته‌وه و داخوازییه‌كانی كورد له عێراق جێبه‌جێ بكرێ."